بە دیمەن

لە ئەوروپا داگیرکاری و خیانەت شەرمەزارکران، سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا کرا

کوردستانیان لە ئەوروپا دژی هێرشە داگیرکارییەکان ڕژانە گۆڕەپانەکان، خیانەت شەرمەزارکرا و سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا کرا.

چالاکییەکان دژی هێرشی داگیرکاری

دژی هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کوردستان، لە چەند شارێکی ئەوروپا ڕێپێوان کرا.

زیوریخ

لە زیوریخ بە پێشەنگایەتی کۆنسەی کوردی دیموکراتیک (جەدەکە-سە) و یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) و دەسپێشخەریی (Defend Kurdistan) ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. سەدان کوردستانی و دۆستەکانیان بەشداربوون.

هاوسەرۆکی جەدەکە-سە دیلان چەتین کایا شەهیدانی ١٤ ی تەمموزی بیرهێنایەوە و تیشکی خستەسەر چالاکیی ٥٠ ساڵەی تەڤگەری ئازادی کورد و گوتی: "ئەم هەموو هێرشە دژی کوردستان نەگەیشتۆتە ئەنجام".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئازادی و ئایندەی ملیۆنان کوردیان خسۆتە مەترسییەوە، دووپاتی کردەوە بۆ یەکێتی چوار پارچەی کوردستان پێویستە خاوەنداری لە گەریلاکانی ئازادی کوردستان بکرێت.

هاوسەرۆکی دیوانی هاوسەرۆکایەتی کەجەدەکە-ئە، موسا فارس ئۆغلو، گوتی: "لەسەر بناغەی یەکێتی نەتەوەیی کورد بانگەواز لە پەدەکە دەکەین دەست لە سیاسەتی خیانەت هەڵبگرێت".

لودویگسبورگ

کوردستانیان لە شاری لودویگسبورگ ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا ڕاگەیاندراوی کۆن-مەد خوێنرایەوە ڕاگەیاندرا ئەم داگیرکارییە بۆ سەر باشووری کوردستان کاریگەری لەسەر هەموو کوردستان دەکات و ئامانجی دەوڵەتیی تورک قڕکردنی کوردە.

لە پەیامی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی شتوتگارت ڕاگەیاندرا ئامانج لەم هێرشانە لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردە، بێدەنگی دەوڵەتان و هێزە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر داگیرکاری شەرمەزارکرا.

دارمشتات

لە شاری دارمشتاتی ئەڵمانیا داگیرکاری و خیانەت شەرمەزارکرا و سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا کرا.

ڕاگەیاندراوێک لەلایەن فیدراسیۆنی کاوا بە زمانی ئەڵمانی خوێنرایەوە.

لە چالاکییەکەدا بە بەرزکردنەوەی درووشم سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا کرا و داگیرکاری و خیانەت شەرمەزار کرا.

ئەمستردام

لە شاری ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا گۆرانی بەرخۆدان گوترا و درووشم بەرزکرایەوە.

لە گردبوونەوەکەدا داگیرکاری و خیانەت شەرمەزارکران و گوترا: "یەک کەسیشمان بمێنێتەوە، بەرخۆدان بەردەوام دەبێت".