لە ئەوروپا تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان شەرمەزارکرا
تیرۆکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە چەند شارێکی ئەوروپا بە چالاکی شەرمەزار کرا.
تیرۆکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە چەند شارێکی ئەوروپا بە چالاکی شەرمەزار کرا.
لە ڤیەنای پایتەختی نەمسان لەسەر بانگەوازی دەم کورد، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق شەرمەزار کرا.
هاوسەرۆکی جڤاکی ئازاد، ئەحمەد زیرەک گوتی: "ئەمە پلانی قڕکردن و پاکتاوە. ئامانجیان لەناوبردنی گەل و ژنانی کوردە. تێکۆشانمان بەرامبەر ئەم هێرشانە بەردەوام دەبێت".
پاشان ڕاگەیاندراوێک بە زمانی ئەڵمانی خوێنرایەوە، گوترا: "دەست لە هاوکاری سیاسەتی شەڕی تورکیا هەڵبگرن، کۆمەڵکوژی دژی کورد بوەستێنن".
هەروەها گوترا: "هەر کەس بێدەنگ بێت، هاوبەشی ئەم کۆمەڵکوژییەیە، لەنێویاندا دەوڵەتی نەمسا".
هامبۆرگ
لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.
گردبوونەوەکە بە پێشەنگایەتی مەجلیسی ژنانی ڕۆژبین ڕێکخرا، نووسەر و چالاکوانی مافەکانی ژنانی ئەڵمان، ئانژا فلاخ ڕایگەیاند دوو ڕۆژنامەنووسە ژنەکە بە ئەنقەست کوژراون، جەختی کردەوە هێرشەکە دژی ئیرادەی ژنی ئازادە.
پەرلەمانتاری پارتی چەپی هامبۆرگ، جانسو ئۆزدەمیر ڕایگەیاند ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕۆژنامەنووسانی ژن قبووڵ ناکرێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا هەر جۆرە هاوکارییەکی ئابووری و سەربازی بدەنە ئەردۆگان دەبنە هاوبەشی تاوان و کۆمەڵکوژی.
ئارنهایم
بۆ هەمان مەبەست لە شاری ئارنهایمی هۆڵەندا چالاکی ئەنجامدرا. لە چالاکییەکەدا دەوڵەتی تورک و پەدەکەی هاوکاری شەرمەزارکران.