هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢١دا بە فەرمانی داواکاری گشتیی دەوڵەتى تورک لە ئیستەنبول و لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد و ئازادیخوازاندا لە چەندین ناوچەى ئیستەنبول هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییان و ٢٦ کەسیان دەستگیرکرد. لە دوای پشکنین و کاروباری ئیداری و وەرگرتنی وتە لە دەستگیرکراوەکان لە دەزگا ئەمنییەکاندا، کەسە دەستگیرکراوەکان رەوانەى دادگای چاغڵایانی ئیستەنبول کران.
لە دوای وەرگرتنی وتە لەلایەن داواکاری گشتییەوە، ئەو ٢٦ کەسە رەوانەى بەردەم دادوەرکران و بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ٣ منداڵ و ٨ کەسیان دەرکرد و ٤ کەسیشی بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کرد. بڕیاری ئازادکردنیشی بۆ ١١ کەسی تریشیان دەرکرد.
ناوی ئەو ١١ کەسە، کە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە: ئایهان ئەمەکچی، بارش کۆچەر، جەسور یڵماز، ئەردۆغان ئۆزبەی، خەلیل ئیبراهیم باچارو، مەروە یڵماز، موراد مەتین و رەمەزان ئۆزەدەمیر.
هەروەها ٣ منداڵیش بە ناوەکانی عیزەت ئۆزمەن، یەعقوب گەنچ و ئازاد سیاهتاش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا و رەوانەى زیندانی سزای منداڵان و نەوجەوانان لە ماڵتەپەی ئیستەنبول کران.
ژ.ت