لە ئیزمیر، وان و ئەستەنبوڵ بەبۆنەی ٤ی نیسان نەمام چێندران

ڕۆژبوونی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە زۆر شاری باکوری کوردستان و تورکیا بە چاندنی دار و نەمام پیرۆز دەکرێت.

تەڤگەری ژنانی ئازادی (تاژێ)، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و کۆردیناسیۆنی ژنانی گەنج، بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد لە زۆر ناوچەی ئەستەنبوڵ گەڕان و تۆی داریان بڵاوکردەوە. ژنان لە ناوچەی کارتال، سوڵتانبەیلی، گازی عوسمان پاشا، ئەسەنیورت و باغجلار کۆبونەوە و تۆی نەمام و داریان بەسەر ماڵاندا بڵاوکردەوە کە پێشتر ئامادەکرابوون.

ژنان تۆی نەمامیان لە حەوشەکانیان چاند و پێشوازیەکی گەرم لە چالاکوانان کرا. ژنان بە هەلهەلەلێدان و چەپڵەلێدان ڕۆژبوونی ڕێبەر ئۆجالانیان پیرۆز کرد و داوایان کرد بە زوترین کات ئازاد بکرێت.

ئیزمیر

لەسەر بانگی نوێنەرایەتی هەرێمی ئیجەی دەبەپە، لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپەی ئیزمیر، رۆژبوونی ئۆجالان پیرۆزکرا. نوێنەرانی تەژەئا، هەدەپە، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی خانەوادی زیندانیان و سزادراوانی ئیجە، کۆمەڵەی خانەوادەی بێسەروشوێنەکان و زۆر هاوڵاتی بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا بوون. سەرەتا خولەکێک بۆ شەهیدانی ئازادی وەستان و داوای ئازادی ئۆجالان کرا.

وان

لە وان تاژێ و ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ٧٣مین ڕۆژبوونی ئۆجالانیان بە چاندنی دار پیرۆز کرد. دارەکان لە ناوچەی ئارتەمێتان نێژران. دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی پشتگیری و هاریکاری خانەوادەی زیندانیان و سزادراوانی وان، کۆمەڵەی کەلتوری، هاوسەرۆکی شارەوانیەکان کە قەیوم لە جێگەیان دانراون و هاوڵاتیان بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد. ژنان بە هەلهەلەلێدان، چەپڵە و دروشم داری هەنار، سێو، گێڵاس، گوێز و مێویان چاند.

ف.ق