لە ئیزمیر و ئەنقەرە ئۆپراسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسی شەرمەزار کران
لە ئیزمیر و ئەنقەرە ئۆپراسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسی لە چوارچێوەی"لێپرسینەوەی کۆبانێ" لە رێگەی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانییەوە شەرمەزار کران.
لە ئیزمیر و ئەنقەرە ئۆپراسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسی لە چوارچێوەی"لێپرسینەوەی کۆبانێ" لە رێگەی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانییەوە شەرمەزار کران.
رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئیزمیر و ئەنقەرە بڕیاری دەستگیرکردنی ٩١ کەس کە لە چوارچێوەی "لێپرسینەوەی کۆبانێ" دەرچووە و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکراون، لە رێگەی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانییەوە شەرمەزار کرد.
ئیزمیر
رێکخستنی هەدەپەی ئیزمیر لە دژی دەستگیرکردنی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتەکە بە پاساوی "دۆسیەی کۆبانێ" لەبەر ناوەندی کولتوری ئاڵانجاک تورکان سایلان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ساز کرد. لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا پلاکاردەکانی "ئێمە بە پاکتاوی سیاسی خۆمان رادەستی ستەم ناکەین" و "ئیرادەی گەلان رادەست ناکرێت" هەڵدران. پارتییە سیاسیەکان و سەندیکاکانیش پشتگیریان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکە کرد کە بە درووشمەکانی "هەدەپە گەلە، گەل لێرەیە"، "گوشار ناتوانێت بمانترسێنێت" و "پێکەوە سەردەکەوین"یان تێدا دەوترایەوە.
هاوسەرۆکی هەدەپەی ئیزمیر ڤەدات چینار ئاڵتان راگەیەنراوەکەی خوێندەوە و رایگەیاند: "بەرەی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە رێگەی دادگا و بروکراسی کە دەیانکاتە کەرستەیەکی سیاسەت، هەوڵدەدات سیاسەتی پیلانگێڕی و تۆقاندن لەبەرامبەر پارتەکەمان یەک لە دوای یەک جێبەجێ بکات. بەڵام ئاکامی ئەو کەانەی خوویان بەو سیاسەتانەوە گرتووە و هیوایان لەسەر کەڵک وەرگرتن لە پیلانگێڕی و پیلان هەڵچنیوە، لەوانەی پێش ئەوان جیاواز نابێت. ئێمە هەرگیز دەست لە تێکۆشانمان لە پێناو دیموکراسی، ئاشتی، دادپەروەری و ئازادی هەڵناگرین".
ئەنقەرە
رێکخستنی هەدەپە لە ئەنقەرە لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی هێرشە پاکتاوکارییەکان دژی هەدەپەی شەرمەزار کرد.
هاوسەرۆکی هەدەپەی ئەنقەرە پاکیزە سینەمیللیئۆغڵو لە کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد و وتی، کە گوشار و دەستگیرکردنەکان لە دژی پارتەکەیان نایاساییە و ئەو حۆپراسیۆنە پیلانگێڕییەکی سیاسییە.
سینەمیللیئۆغڵو رایگەیاند: کە ئێمە هۆکاری گوشارەکان بۆ سەر پارتەکەمان دەزانین و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "بەڵگەنامەکان لە دۆسیەی کۆبانێدا یەک لەدوای یەک پوچەڵ کرانەوە. دادگا کە بۆ حکومەت گۆڕدراوە بۆ کەرەستەیەک، دیسان کەوتووەتە جموجۆڵەوە. دادوەری لێرسینەوە ئەحمەد ئاڵتون کە ئۆپراسیۆنەکەی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی ئۆپراسیۆنەکانی پەیوەست بە هەدەپە ئەنجام بدات ئەرکدار کراوە. سەرباری ئەوەی ئاڵتون لە کاتی جێبەجێکردنی دۆسیەی کۆبانێدا وەک یاریدەدەری داواکاری گشتیی ئیزمیر دەستبەکاربوو، دەستبەکاربوونەکەی هەڵوەشێنرایەوە و وەک سەرکردەی ئەم ئۆپراسیۆنە دەستنیشان کرا".
هـ . ب