له‌پێناو رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان كۆنسێرتێكی به‌شكۆ له‌ رۆما سازكرا

له‌ رۆمای پایته‌ختی ئیتالیا له‌ پێناو ئازادی رێبه‌ری گه‌لی كورد له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ كوردستانی و ئیتاڵییه‌كانه‌وه‌ كۆنسێرتێكی گه‌وره‌ سزادرا.

كۆمیته‌ی ئازادی بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان، رێتێ كوردستان، نوسینگه‌ی زانیاری كوردستان و ناوه‌ندی كولتووری كوردیی ئارارات رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كۆنسێرتێكی گه‌وره‌یان سازكرد.

به‌ ده‌یان هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ كه‌ له‌ رۆما ناسراون به‌شدارییان له‌ كۆنسێرتی "واده‌ی هیوا و كاتی ئازادی عه‌بدوڵا ئۆجالانه‌" بوون. هه‌روه‌ها به‌ هه‌زاران كه‌سیش به‌شدارییان له‌ كۆنسێرته‌كه‌دا كرد.

وته‌ی سه‌ره‌تای كۆنسێرته‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی شاره‌وانی ناوچه‌ی هه‌شته‌می رۆما ئامێدیۆ سیاچێره‌وه‌ پێشكه‌ش كرا.

ئامێدیۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌رووپا به‌ هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سڵاوی له‌ تێكۆشانی گه‌لی كورد كرد و داوای ئازادكردنی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالانی كرد.

له‌ شه‌و ئاهه‌نگه‌كه‌دا ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگ ئانا فاڤیلا هاته‌ سه‌ر شانۆ و چه‌ند به‌شێك له‌ پارێزنامه‌ی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالانی خوێنده‌وه‌. فاڤیلا به‌ تایبه‌تی ئه‌و به‌شانه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ تێكۆشانی ژنانه‌وه‌.

باوكی شه‌هیدی یه‌په‌گه‌ لۆرێنزا فۆرسێرتیش له‌ وته‌كانیدا له‌سه‌ر شانۆ باسی له‌وه‌كرد كه‌ كوڕه‌كه‌ی خه‌ونی به‌ جیهانێكی جیاوازه‌وه‌ ده‌بینی و له‌و پێناوه‌كه‌ تێكۆشابوو.

كاتێك كه‌ نمایشی راسته‌وخۆی كاریكاتێریستی به‌ناوبانگ زێرۆ كالكار سه‌رنجه‌كانی راكێشا، هونه‌رمه‌ند ژاكۆمۆش هاته‌ سه‌ر شانۆ و كاریكاتێری كێشایه‌وه‌. كاكار به‌ كاریكاتێر و كارتۆنه‌كانی جۆش و خرۆشی به‌ به‌ڕێوه‌چوونی كۆنسێرته‌كه‌ به‌خشی.

له‌ كۆنسێرته‌كه‌دا ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی وه‌رگری خه‌ڵاتی ئۆسكار ئێلیۆ جێرمانۆ له‌ باره‌ی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و تێكۆشانی ئازادی گه‌لی كورد نوسراوێكی خوێنده‌وه‌.

گروپی میوزیكی كورد هانی موجته‌هیدی و زی موون هاتنه‌ سه‌ر شانۆ و پێشوازییه‌كی زۆریان لێكرا.

رێكخه‌ری نوسینگه‌ی زانیاری كوردستان یڵماز ئۆزكان له‌ وته‌كانیدا سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر گرنگی ئازادی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان بۆ گه‌لی كورد و ته‌واوی ناوچه‌كه‌.

له‌ كۆنسێرته‌كه‌دا گۆرانیبێژی به‌ناوبانگ فیورێلا مانۆیا، گروپی موزیكی پونكریاس و هونه‌رمه‌ند زی ئاندرێ هاتنه‌ سه‌ر شانۆ.

له‌ كۆتاییدا رێكخه‌رانی كۆنسێرته‌كه‌ داوایان كرد رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌ستبه‌جێ ئازاد بكرێت.

هـ . ب