مافی وریشە مورادی لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێشێل دەکرێت

هەڵمەتی ئازادی بۆ وریشە مورادی نیگەرانی خۆی دەربری سەبارەت بە پێشلکردنی مافی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا و ئاماژەی بەوەدا وریشە مورادی لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە و دۆخی تەندرووستی خراپە.

وریشە مورادی

هەڵمەتی ئازادیی بۆ وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان، لەبارەی گواستنەوەی زیندانییانی سیاسیی بۆ زیندانی قەرەچک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری تاران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دوای هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین بەشی ژنانی زیندانیی سیاسیی زیندانەکە بۆ زیندانی قەرەچەک گوازراونەتەوە کە بارودۆخی ژیان و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ زیندانییەکان زۆر قورس کردووە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی وەک وریشە مورادی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "وریشە مورادی لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە و لە دۆخێکی نالەباردایە."

داواکاری هەڵمەتەکە؛ پێویستە وریشە مورادی ئازاد بکرێت

هەڵمەتی ئازادی بۆ وریشە مورادی لە بەیاننامەکەدا داوا دەکات دەستبەجێ خزمەتگوزاری تەندرووستیی بۆ زیندانییانی سیاسیی دابین بکرێت و وریشە مورادی بە بێ مەرج ئازاد بکرێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانەکە بکرێت.

جێگای ئاماژەیە، لە ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، وریشە مورادی لە لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی “یاخیبوون” تۆمەتبار کرا و لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.