لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری، ئیمانوێل ماکرۆن باسی لەوە کردووە، تورکیا هەڵوێستی دووژمنکاریی و شەڕانگێزیی بە ئاڕاستەی هاوپەیمانی ناتۆ دەنوێنێت، “ئەنقەرە شکستی هێناوە لە ڕێزگرتن لە بڕیاری قەدەغەکردنی چەک لە لیبیا لە کاتێکدا کە ڕەفتارێکی زۆر شەڕانگێزانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
هەروەها دەڵێت، هێرشی تورکیا بۆ سەر سوریا دووژمنکارانە بوو، هەروەها سەرسوڕمانی زۆرێک لەهاوپەیمانانی لێکەوتەوە، “لەکاتێکدا ئێمە لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ئامادەبوونێکی ئاسمانیمان هەبوو، هەروەها لە ژێر سایەی هاوپەیمانانمان لە سەر زەوی کە قەسەدە و شەڕڤانە قارەمانەکانی کورد نوێنەرایەتیان دەکرد، داعشمان شکست پێهێنا”.
ماکرۆن بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە تورکیا کۆنترۆڵی بەسەر داعشدا لاواز کردووە، دەربارەی قەسەدەش وتی، “ئێمە بەنیاز بووین بەسەر داعشدا سەرکەوین، تورکیا سوریای داگیرکرد بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەوانەی کە دوێنێ هاوپەیمانمان بوون”.
وتیشی، “تورکیا مەیلی ئیمپریاتۆرانەی لە ناوچەکەدا هەیە، پێموایە ئەم مەیلانە بۆ سەقامگیری کارێکی باش نییە”.
ماکرۆن دەخوازێت هەموو لایەنەکان هێورببنەوە کاتێک سەرۆک کۆماری تورکیا ڕێز لە فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا و بەهاکانی دەگرێت کە ئەوە کەمترین داواکارییە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەو گرژییە تەنیا بە فەڕەنسا و تورکیاوە سنووردار نییە، بەڵکو پێگەی ئەوروپا پشتگیریی فەڕەنسا دەکات و ئەرکەکانی تورکیا بە بیر دەهێنێتەوە.
ماکرۆن هیوای خواست گرژییەکان هێور ببنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات پێویست بوو سەرۆکی تورکیا رێز لە فەرەنسا بگرێت، رێز لە یەکێتی ئەوروپا و بەهاکانی بگرێت، “درۆ” نەکات.
ز.ش