لەگەڵ بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆدا هیواکان بۆ هێنانەئارای ژیانێکی ئاشتییانە زیندووبوونەوە. گەلی کورد لە نێو شەڕی پەنجا ساڵەدا ئازاری زۆی چەشت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک خاوەنداری لە ئاشتی دەکات و لەسەر ئامانجی ئازادی خۆییەتی. ئەوانەی زۆر زیاتر خاوەندری لە پرۆسەکە دەکەن بنەماڵە و دایکی شەهیدانن کە ڕۆڵەکانیان لە پێناو ئامانجی ئازادییدا شەهید بوون.
دایکە مەقبوڵە گونەر لە ناوچەی سووری ئامەد کە دایکی شەهید یڵماز گونەرە و هاوکات بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی پۆلیسەوە هەمیشە ماڵەکەی لەژێر چاودێرییدا بووە، تا بگات بەوەی لە ئێستادا کوڕێکی دیکەیشی خراوەتە زیندانەوە پشتگیری خۆی بۆ 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـی ڕێبەر ئاپۆ دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا پێویستە دەوڵەت هەنگاو بنێت بۆ پرۆسەکە. بنەماڵەی گونەر وێڕای هەموو فشارەکان هیچ کاتێک دەستبەرداری خواستی خۆیان نەبوون بۆ ئاشتی و ئازادی گەلی کورد.
یڵماز گونەر (هەرەکۆڵ جانشێر)ـی کوڕی مەقبوڵە گونەر لە دوای ساڵی ٢٠١٠ بەشداری نێو ڕیزەکانی پەکەکە بوو، کاتێک داعش هێرشی سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایی کرد، یڵماز گونەر دەچێتە کۆبانێ. لە داستانی کۆبانێیدا بە سەختی بریندار دەبێت و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە ٣ـی ئاداری ٢٠١٥دا شەهید دەبێت و لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستاندا سپاردەی خاک دەکرێت.
'کوڕەکەم گەلەکەی زۆر خۆشدەویست'
مەقبوڵە گونەر ڕایگەیاند، کوڕەکەی گەلێک منداڵان و گەلەکەی خۆشدەویست و سەبارەت بە کوڕەکەی وتی، "کوڕەکەم گەلێک حەزی لە خوێندن بوو. بۆ خوێندنی زانکۆ چووە شاری مەلەتی. هەم دەیخوێند و هەم کاری دەکرد. لە مەلەتییە لەگەڵ هاوڕێکانیدا کۆمەڵەیەکی دروستکرد بۆ رەخساندنی خوێندنی ئەو منداڵانەی کە باریی داراییان باش نەبوو.
گەلێک منداڵانی خۆشدەویست، بۆ خوێندنی ئەوان هەوڵیدا. دوای چەند ساڵێک پۆلیس بەسەر کۆمەڵەکەیدادا و هەموو هاوڕێکانی دەستگیرکرد. کوڕەکەم وتی، ناچمە زیندان و چووە ناو پەکەکەوە. وەکو هەر گەنجێکی کورد گەلێک پارتەکەی خۆش دەویست. هەموو کەسێک کوڕەکەی منی خۆش دەویست. لەبەرئەوەی ئەو گەلەکەی خۆی خۆشدەویست."
'ئێمە پشتگیریی لە ڕێگەی ئاشتیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین'
مەقبوڵە گونەر ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی ئاشتی کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستیپێکراوە گەلێک گرنگ و مێژووییە و وتی، "ڕێگەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئێمەی هەموو دڵخۆش کرد. ئێمە پشتگیری لەم ڕێگەیە دەکەین. دەمانەوێت ئیتر شەڕ کۆتایی بێت. دەمانەوێت ئەم پڕۆسەیە بە ئاشتی بگاتە ئەنجام. ئێمە منداڵەکانمان لەدەستدا، نامانەوێت نەوەکانمان لەدەست بدەین. ئەم جیهانە بەشی هەموومان دەکات.
با ئیتر منداڵەکانمان نەمرن، دایکان نەگرین. نەتەنها دایکانی گەریلا، با ئیتر دایکی سەربازەکانیش نەگرین. من داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دەکەم: ئیتر هەنگاو بنێن و کێشەکە چارەسەر بکەن. با کەس نەمرێت. ئەو ئازارەی ئێمە بینیمان نەیبینن. تا کەی ئەو خوێنە بڕژێت؟ ئیتر بەسە. ئەم خاکە خاکی ئێمەیە. منداڵەکانمان لەپێناو خاک، کلتوور و زمانی خۆیان تێکۆشان. کوڕەکەی من بۆ گەلەکەی خۆی تێکۆشا."
'ئێمە تا کۆتا قسەی خۆمان دەڵێین ئاشتی'
مەقبوڵە گونەر باسی لەوە کرد، پێویستە دەوڵەت بۆ چارەسەری هەنگاوی کاریگەر بنێت و وتی، "جگە لە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هیچی تر ناکەن. پێویستە لەمەودوا لەمە زیاتر هەنگاو بۆ ئاشتی بنێین. باسی ئاشتی بکەن، بەڵام هەموو ڕۆژێک فڕۆکەکانی جەنگ دەفڕێنن. هیچ پابەندییەکیان نییە. ئەگەر بە ڕاستیی مەبەستیانە، با فڕۆکەی جەنگ نەفڕێنن. ئێمە هەمیشە هیوای ئاشتیمان هەیە. بەر لە هەرشتێک با سەرۆک ئاپۆ و هەموو زیندانییانی سیاسی ئازادبکەن. ئاشتی یەکلایەنە نابێت. ئێمە تا کۆتا قسەی خۆمان دەڵێین ئاشتی."