نۆبەتی دادپەروەری لە ئیزمیر دەستی پێکرد

بە داوای 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' چالاکی نۆبەتی دادپەروەری لە ئیزمیر دەستی پێکرد.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ  پرسی کورد'، کە لەسەر ئاستی جیهاندا ئەنجام دەدرێت، دوای ئامەد، مێرسین، ئەدەنا، ئەستەنبوڵ و وان لە ئیزمیر، نۆبەتی دادپەروەری دەستیپێکرد.

کۆمەڵەی بنەماڵە وکەس وکاری زیندانیان و سزادراوانی ئەگەیێ (ئەگەئە-توهایدەر)، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) و بنەماڵەی زیندانیان، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ئۆجالان، لە لە نوێنەرایەتی هەرێمی ئەگەیێ پارتی هەرێمە دیمۆکراتیکەکان (دەبەپە) دەستیان بە نۆبەتی دادپەروەری کرد.

ڕێوەبەرانی ڕێکخستنی ئیزمیری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان(دە پارتی) و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیحد) بەشداریی چالاکییەکە بوون.

لە هۆڵەکەدا نوسراوی"گۆشەگیری تاوانە دژی مرۆڤایەتی" و "با بۆ دادپەروەری گۆشەگیری بشکێنین، بۆ ئاشتی دیموکراسی دەنگی زیندانەکان بین" هەڵواسرابوون.

مەدین کایماز، دایکی بایرام کایماز، کە لە زیندانی تیپی(ف) لە تەکیرداغ زیندانییە، ڕایگەیاند کە ئەوان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی دەستیان بە نۆبەتی دادپەروەری کردووە.

هەروەها کایماز وتی:" بەڕێز ئۆجالان نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ ئاسایش و ئاشتی لە هەموو جیهان تێدەکۆشێت، بۆیە نۆبەتی تاوەکوو کۆتایی گۆشەگیری بەردەوام دەبێت، داواکارییوکانی ئێمەش بۆ ئاشتی و دادپەروەری بەردەوام دەبێت".

چالاکوانان ڕایانگەیاند کە هەفتەی ٣ ڕۆژ چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی بەردەوام دەبن لە نۆبەتی دادپەروەری.