دەیان هەزار کەس دژی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس لە گۆڕەپانی گارێ دێ نۆردێ کۆبوونەوە و گەیشتنە گۆڕەپانی ڕیپەبڵیک.
لە وتەکاندا، داوای لابردنی نهێنی دەوڵەت دەربارەی کۆمەڵکوژییەکان و دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.
سەرەتا هاوسەرۆکانی جڤاکی کوردی فەرەنسا (جەدەکە-فە)، خانێ ئاکدۆگان و شاهین پۆڵات قسەیان کرد، خانێ ئاکدۆگان بەناوی جەدەکە-فە سوپاسی ئامادەبووانی کرد، داوای لە دەوڵەتی فەرەنسا کرد پەردەی تاریکی سەر کۆمەڵکوژییەکان لاببات و گوتی: "ئێمە گەلی ڕێبەر ئاپۆین، کەس ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت. تا دوایی بەرخۆدان دەکەین. لەبەرامبەر ئێمە شەرم بتانگرێت".
وتەبێژی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە)، ئایتن کاپلان ڕایگەیاند چیتر ناکرێت ئەم کۆمەڵکوژییە لە تاریکیدا بمێنێتەوە، بکوژەکان و ئاراستەکەران دیارن، پێویستە فەرەنسا لێپرسینەوە بکات، دووپاتی کردەوە بازرگانی لەسەر قڕکردنی کورد دەکرێت و گوتی: "ئەم پیلانانە بە گرتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد. ئێمە ناوەستین، گەڕانمان بۆ دادپەروەری بەردەوام دەبێت. لە شەقامەکان دەمێنینەوە، تا کۆتایی خاوەنداری لە میراتی شەهیدان دەکەین و داوای دادپەروەری دەکەین، ژن ژیان ئازادی".
پاشان سیناتۆری پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا، هێلێنێ بیدارد ئاماژەی بەوە کرد کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن هەواڵگری تورکەوە ئەنجامدراوە، داوای ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکەی کرد. ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنە شەهیدەکان کرد لە تێکۆشان بۆ ئازادی ژنان، بەناوی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنساوە داوای لابردنی نهێنی دەوڵەتی کرد و گوتی: "داوا دەکەین دادگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەرقاڵی ئەم بابەتە بێت. دەوڵەتی فەرەنسا تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکە دەپارێزێت. پێویستە فەرەنسا هەڵوێستی خۆی بۆ ئازادی کوردستان ڕوون بکاتەوە".
بەناوی بنەماڵەی ساکینە جانسیز و فیدان دۆگان و لەیلا شایلەمەز و ئەڤین گۆیی و میر پەروەر و عەبدولرەحمان کیزیل، ئیبراهیم بێلەن قسەی کرد. ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر ئەمڕۆ ئازادانە بە زمانی خۆمان دەدوێن لەسایەی شەهیدان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەریلایە و گوتی: "ئێمە هەبووین و هەر دەبین، لە زیندان مەزنترین، لە چەکی کیمیایی مەزنترین. بژی سەرۆک ئاپۆ، ژن ژیان ئازادی!"
پاشان برازایەکی بچوکی ئەڤین گۆیی سترانێکی کردە دیاری هەموو شەهیدانی پاریس.
هاوسەرۆکی کۆردیناسیۆنی نەتەوەیی پشتیوانی کوردستان (جەنەسەکە) پاسکال تۆر ئاماژەی بەوە کرد، تا نهێنی دەوڵەت لەسەر دۆزەکە لانەبرێت، کۆمەڵکوژییەکان ڕوون نابنەوە. ڕایگەیاند هەنگاو بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە نەنراوە، گوتی: "بەرپرسی کۆمەڵکوژییەکە ئەردۆگانە و کونسوڵخانە تاوانبارە. بەرامبەر کوردان تاوان کراوە، بۆچی دەوڵەتی فەرەنسا نهێنی دەوڵەتی لانەبرد؟ ئەم دەوڵەتە لەگەڵ هەواڵگری تورک هاوکارە".
داوای دادگایی بکوژانی کرد و پاشان گوتی: "دەبێت بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان کاربکەین، پێویستە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکرێت. بۆردوومانی دەوڵەتی تورک بۆ سر شەنگال شەرمەزار دەکەین، پێویستە فەرەنسا پشتگیری کوردان بکات".
هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە، زوبەیدە زومروت لە کەسێتی شەهیدانی پاریسدا، هەموو شەهیدانی بیرهێنایەوە، ئاماژەی بەوە کرد، دەست لە گەڕان بەدوای دادپەروەری هەڵناگرین، تێکۆشانمان مەزنتر دەکەین، گوتی: "دەوڵەتی فەرەنسا چاوی خۆی داخستووە و بە تێکۆشانمان ئەم نهێنییانە ئاشکرا دەکەین، تا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە گۆڕەپانەکان دەبین".
هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە، ئەنگین سەڤەر ئاماژەی بەوە کرد وەڵامی هەرە بەهێز ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.
ئەندامی کۆمەڵەی پەرلەمانتارانی پاریس، ماتیلدا پانۆت ئاماژەی بەوە کرد، پشتگیری لە تێکۆشانەکەتان دەکەین و ڕایگەیاند گەلی کورد بۆ هەموو مرۆڤایەتی دژی داعش شەڕی کرد، بۆیە پێویستە هەموو کوردێک لەم وڵاتە بپارێزرێت، بۆردوومانی سەر ڕۆژئاوای شەرمەزار کرد.
لەسەر ناوی شارەوانی پاریس، ڕێمی فێرفراود دووپاتی کردەوە، ئەم کۆمەڵکوژیانە سیاسی بوون، نامانەوێت ئەم کۆمەڵکوژیانە لە پاریس ڕووبدەن، پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا و گەلی کورد دووپات کردەوە و گوتی: "لە تێکۆشانی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالاندا ئێمە لەگەڵ گەلی کورد دەبین. ئێمە بۆ دادپەروەری و ئاشکرابوونی ڕاستی تێدەکۆشین".
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، زوبەیر ئایدار ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە بەدوای دادپەروەری دەگەڕێین، سێ شەڕڤانی کورد تیرۆرکران و هێشتا دادپەروەری بەدی نەهاتووە، ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین، فەرەنسای وەک بەرپرسیار لەقەڵەم دا.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ئایدار تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵمەتی ئازادی، داوای لە هەمووان کرد پشتگیری هەڵمەتەکە بکەن و گوتی: "ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلی کورد پێکەوە گرێدراون. لەلایەکی ترەوە، هەزاران زیندان لە مانگرتن لە خواردنن، ٤٠ ڕۆژە بەردەوامە. پێویستە هەموومان ڕۆڵ بگێڕین لەم قۆناغەدا".
پاشان سڵاوی لە بەرخۆدەرانی وان و زاپ و ئاڤاشین و مەتینا و قەندیل و هەموو سەنگەرەکان کرد.
لەسەر ناوی تەڤگەری ژنانی نەتەوەیی فەرەنسا، سوزی ڕۆسمان، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پشگیری لە پرۆژەی جڤاکی دیموکراتیک بکەین کە لە ڕۆژئاوا دامەزراوە، هەروەها داوای کرد ڕاستی سەربکەوێت و کۆمەڵکوژییەکان ڕوون بکرێنەوە.
لەسەر ناوی هەماهە نگی نەتەوەیی پارتی چەپ، جیان کریستۆف قسەی کرد، پشتگیری بۆ شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دووپات کردەوە لەپێناو گەیشتن بە ڕاستی تێدەکۆشن و لەگەڵ گەلی کورد دەبن، گوتی: "ئێمە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانمان دەوێت و تەنها ئۆجالان دەتوانێت چارەسەر بەدی بهێنێت. پەکەکە پارتی کوردانە و بۆ ژیانێکی ئیکۆلۆژیک و دیموکراتیک بەرنامەی پێش دەخات. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا ئاکەپە دژایەتی ئەمە دەکات. ئێمە لە ڕۆژئاوا لەگەڵ گەلی کوردین و لە غەززە لەگەڵ فەلەستینییەکانین".
وتەبێژی پارتی نوێی دژە سەرمایەداری، ئۆلیڤەر بەسانجینۆت، ڕایگەیاند ئێمە ئیلهام لە پرۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک وەردەگرین و گوتی: "پێویستە فەرەنسا بۆ دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر هەرچی پێویستە بیکات. پێویستە زیندانی سیاسی لە تورکیا و ئۆجالان ئازاد بکرێن". پاشان پەیامی کەژەکە خوێنرایەوە.
پاشان بەناوی سەندیکای (CGT)، دەنیز گراڤۆیل قسەی کرد، دووپاتی کردەوە پێویستە جڤاکی کورد بپارێزرێن و بەرپرسیاران دادگایی بکرێن.
ئەندامی ئیکۆلۆژی پاریس، جیرۆمی گلەیزس ڕایگەیاند ئەردۆگانو دەوڵەتی تورک لەپشت کۆمەڵکوژییەکانەوەن، گوتی: "١٠٠ ساڵەی لۆزانە، لۆزان خیانەتە لە کوردان. بەبێ دانپیانان بە مافی کوردان، چارەسەر بەدی نایەت".
پاشان ڕێنی میگنۆت، ئاماژەی بەوە کرد پێویستە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیالۆگ بکرێت، دووپاتی کردەوە شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکان لەپێناو گەلی کورد و مافی ژنان تێدەکۆشان، کۆمەڵکوژییەکانی وەک هێرشی تیرۆریستی ناساند، گوتی: "ئێمە دەزانین ڕێبەری گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەپێناو چی تێدەکۆشێت. پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان و سیاسەتمەدار سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێن، پێویستە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکرێت. وەک پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، کاتێک دەوڵەت هێرش دەکاتە سەر گەل، مافی گەلە خۆی بپارێزێت. بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد پێویستە لەنێوان عەبدوڵا ئۆجالان و دەوڵەت دیالۆگ بکرێت".
بەناوی یەکێتی کۆمۆنیست، لەیلا ئایاهالا داوای لابردنی تاریکی سەر کۆمەڵکوژییەکانی کرد، ئاماژەی بەوە کرد هێرشی سیاسی لەسەر گەلی کورد و کوردستانە، سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەمان شتە، گوتی: "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لە هەموو شوێنێکی جیهان بۆتە ئیلهامبەخشی گەلان. پەکەکە بەرامبەر فاشیزم تێکۆشانی خۆپاراستن دەکات. بۆیە دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت. شۆڕشەکە گەردوونییە".
گردبوونەوەکە بە سترانەکانی تەڤ-چاند کۆتایی هات.