نەخشەرێگەی 'ئێمە دەبینە دەنگی ئاشتی' لە میانی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە هۆتێلێکی ناوچەی بەیۆغڵوی ئیستەنبوڵ ئاشکرا کرا.
٥٦٤ کەسایەتی کە پێکهاتبوون لە هونەرمەندان، رەخنەگرانی هونەری، نوسەران، دەرهێنەران، ئەکتەرانی شانۆ و سینەما، نیگارکێش، دەنگبێژ و کەسایەتی ئەکادیمی هونەری نەخشەرێگەکەیان واژۆ کرد.
لە دەقی نەخشەرێگەکەدا کە لەلایەن نوسەر ئایشەگوڵ دەڤەجیئۆغڵووەوە خوێندرایەوە، ئاماژە بە چارەسەری پرسی کورد، گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاشتی کۆمەڵایەتی کرابوو.
راگەیەندرا کە حکومەتی تورکیا کۆمەڵگا لە رۆژەڤی راستەقینە دادەبڕێت، بە رۆژەڤی ناگرنگەوە سەرقاڵیان دەکات و ئەوەش هاتووە، "گۆشەگیری لەبەر دەستی دەسەڵاتی تاکڕەودا بووەتە ئامرازێکی بەڕێوەبردن. کۆمەڵگا لە ژێر گەمارۆی ئایدۆلۆژیک و سیاسیدایە. گۆشەگیری و سیاسەتی شەڕ قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی قووڵتر کردووەتەوە".
لە نەخشەرێگەکەدا هاتووە کە بە هەزاران مرۆڤ بەهۆی بیر و باوەڕی سیاسیانەوە بە شێوەی ناڕەوا زیندانی کراون و مانگرتنی زیندانیان لە دژی گۆشەگیرییشیان بەبیرهێنایەوە.
لە نەخشەرێگەکەدا داواکراوە کە خواست و داواکاری زیندانیان جێبەجێ بکرێت و لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەری بدۆزرێتەوە.
رۆشنبیران ئەوەیان خستەڕوو کە کێشەکانی تورکیا دەبێت بە رێگەی دانوستان چارەسەربکرێن و ئاماژە بە 'قۆناغی چارەسەری'ی ساڵی ٢٠١٣درا.
لە درێژەدا هاتووە، "یەک لە بەردەنگەکانی کێشەکە عەبدوڵا ئۆجالانە کە دیدار لەگەڵ ئۆجالان بواری بۆ ئاشتی رەخساندبوو. ئەو قۆناغەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا لەگەڵیدابوون، دەتوانرێت سەرلەنوێ دەستیپێبکرێتەوە. بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێت مامەڵە و هەڵوێستێکی بوێرانە نیشان بدرێت. نابێت لە دیالۆگ و گفتوگۆ بترسن".
لە نەخشەرێگەکەدا داوا لە حکومەت کراوە کە دەست لە سیاسەتی گوشار، گۆشەگیری و شەڕ هەڵبگرێت و بەم جۆرە هاتووە، "ئێمە وەک کەسایەتیەکان چالاک لە بواری وێژە و هونەر داوا دەکەین و هیواشمان هەیە کە هەموو لایەنگرانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی پشتیوانی لەم بیرۆکە و پێشنیازانە بکەن".
٥٦٤ کەسایەتی وێژەیی و هونەری کە هەریەک لە موزیسیان جەودەت باغجە، رەخنەگری هونەری فەیاز یامان، نوسەر فرات جەوەری، دەرهێنەر هاشم ئایدەمیر، ئەکتەر ژولیدە کورال، دەرهێنە سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەکادیمیسیانی شانۆ سورەیا کاراجەبەی و نوسەر و شاعیر شانار یورداتاپانیش لەناودایە، نەخشەرێگەکەیان واژۆ کردووە.
هـ . ب