نەتەوە یەکگرتووەکان: لە تورکیا پێشکەوتن نییە، پێشێلکاری بەردەوامە!

لە دانیشتنی پێداچوونەوەی خولی جیهانی (UPR)ـی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ (ÎHK)ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا، دووپاتکرایەوە تورکیا لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە پاشەکشەی کردووە.

پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا

لە دانیشتنی پێداچوونەوەی خولی جیهانی (UPR)ـی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ (ÎHK)ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا. ٤٩هەمین دانیشتنی گرووپی پێداچوونەوەی خولی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ ی نیسان لە ئۆفیسی ژنێڤ دەستی پێ کرد و تا ٩ ی ئایار بەردەوام دەبێت. لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا.

نوێنەری ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری دانیشتنەکە بوون. لە دانیشتنەکەدا پێشنیارییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ تورکیا، هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.

ڕەخنەکانی دەوڵەتان لە سەر پێشێلکردنی مافەکان

نوێنەرانی وڵاتان کە لە دانیشتنەکاندا قسەیان کرد، ڕایانگەیاند کە تورکیا لە بواری مافەکانی مرۆڤدا زۆر پاشەکشەی کردووە. لە قسەکاندا، بەتایبەت نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری خرانەڕوو. نوێنەران بە توندی ڕەخنەیان لە تورکیا گرت کە پێشنیارەکانی پێشووی جێبەجێ نەکردووە و یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەموار نەکردووەتەوە و ئەو یاسایانە بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن بەکارهێناوە. نوێنەران داوایان کرد یاساکان بەگوێرەی پێوەرە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ هەموار بکرێنەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا باڵیۆز محەمەد کەمال بۆزای بانگەشەی ئەوەی کرد لە چەند ڕووییەکەوە، بەتایبەت لەڕووی دادوەرییەوە ڕیفۆرمی جددییان کردووە.

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: لە چەند بوارێکدا پێشێلکاری بەردەوامە

ڕاپۆرتی پسپۆڕانی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنەکەدا خرایەڕوو، زانیاری بەرفراوان خرایەڕوو دەربارەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا. لە ڕاپۆرتەکەدا جەختکرایەوە، لەڕووی سەربەخۆی دادوەری و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی گردبوونەوە و ڕێکخستن و هەلومەرجی زیندانەکان و تێکۆشان دژی جیاکاری، لە چەندین بواردا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە.

گۆشەگیری قبووڵ ناکرێت

لە ڕاپۆرتەکەدا بەبێ ناوهێنانی ڕێبەر ئاپۆ، باس لە هەلومەرجی گۆشەگیری کرا و ڕاگەیاندرا هەبوونی گۆشەگیری درێژخایەن قبووڵ ناکرێت. دووپاتکرایەوە، لە تورکیا جیاکاری لەسەر بنەمای زمان و ئینتیک و ئایین دژی کەمینەکان بەردەوامە، کۆمەڵگەکانی وەک کورد و عەلەوی و ڕۆمان بەزەحمەت دەستیان دەگات بە خزمەتگوزاری گشتی و پەروەردە و کار. دووپاتکرایەوە دەبێت ئەم جیاکارییە کۆتایی بێت. داوا لە دەوڵەتی تورک کرا کە یاسا کاریگەرییەکان دژی جیاکاری قبووڵ بکات، مافی کەمینەکان بپارێزێت و مافە کەلتوورییەنیان قبووڵ بکات.

ژنان لەژێر هەڕەشەدان

هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێشێلکردنی ماف و توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا، کە بەپێی پێویست لێکۆڵینەوە لەم پێشێلکردن و توندوتیژییانە ناکرێت، هەروەها ڕەخنە لە کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ گیرا و هەڵوەستە کرا لەسەر کەموکوڕییەکانی یاساکانی پاراستنی ژنان.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکخرایە سەر پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و پەنابەران و ئاوارەکان، هەروەها ڕەفتارە نایاسایی و ناهەقییەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و پەروەردەوە.

ڕاپۆرتەکەی گرووپی پێداچوونەوەی خولی جیهانی (UPR)ـی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ (ÎHK)ـی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی تورکیا، لە چەند ڕۆژی ئایندە بڵاودەکرێتەوە.