لە ماوەکانی رابردوو گوشارەکانی حکومەتی پاکستان بۆ سەر بەلوچەکانی ئەو وڵاتە زیادی کردووە و لە دژی ئەو گوشارانەش بە پێشەنگایەتی ژنان خۆپیشاندانێکی گەورە لەو وڵاتە دەستیپێکردبوو، بەڵام بە سەدان ژن و منداڵ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرابوون.
دژی ئەو گوشارانە و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران، ژمارەیەک لە چالاکوانانی بەلوچ لە بەریتانیا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژی چوارشەممە ٣ی کانونی دووەمەوە لە بەردەم ماڵی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەستیان بە مانگرتن کردووە.
چالاکیەکە کە لە بەردەم خانووی ژمارە ١٠ی داونستریتی لەندەن بەڕێوەدەچێت، بڕیارە تا رۆژی ٧ی ئەم مانگە بەردەوام بێت و داواکاری سەرەکی مانگرتووان بریتیە لە چڕکردنەوەی گوشارەکان لە سەر حکومەتی پاکستان، بۆ ئەوەی خۆپیشاندەر و چالاکوانە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات.
مێهری رەزایی ئەندامی کۆمیتەی کەژار لە بەریتانیا چووە ناو مانگرتووان و بە پشتیوانی خۆیانی بۆ چالاکیەکە و مانگرتووان دەربڕی.
وتیشی، "وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە هەموو هێز و بڕوامانەوە پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی بەلوچستان و ژنانی ئەو گەلە دەکەین".
باسی لەوەشکرد، کە هیوادارین حکومەتی بەریتانیا گوێ لە داواکارییەکانتان بگرێت و لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستی هەبێت، هەروەها حکومەتی پاکستانیش سەرجەم دەستگیرکراوان ئازاد بکات و رێز لە ئازادی رادەربرین بگرێت.
لەو چالاکیە پێنج رۆژەدا جگە لە داواکاری بۆ ئازادکردنی ژن و منداڵە دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییە، هەروەها داوا دەکرێت سەرجەم چالاکوانانی سیاسی بەلوچیش کە ماوەی چەند ساڵێکە دەستبەسەرکراون ئازادبکرێن.
هـ . ب