هەڵسەنگاندنی نیلس ئاندرسۆن بۆ بانگەوازی مێژوویی
بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە تورکیا و کوردستان و جیهان دەنگی دایەوە. لەم بارەیەوە، ڕۆشنبیر و بیریار و نووسەری فەرەنسی نیلس ئاندرسۆن قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد. نیلس ئاندرسۆن لە نزیکەوە ئاشنای ڕێبەر ئاپۆیە.
بانگەوازی مێژوویی
نیلس ئاندرسۆن ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ مێژووییە، گوتی: "ئەم بانگەوازە گرێدراوە بە هەرێمەکەوە، هەروەها گرێدراوە بە مێژووی درێژخایەنی گەلی کوردەوە. ئەم بانگەوازە بەگوێرەی ئەو تایبەتمەندییانەیە کە ئۆجالان لە کتێبەکانیدا باسی کردووە. فیکری ئۆجالان پشت دەبەستێت بە قۆناغە جیاواز و یەکلاکەرەوەکانی سەدەی ٢٠ و سەدەی ٢١. پەکەکە، کە ئۆجالان پێشەنگ و ئافرێنەرێتی، لە ساڵی ١٩٧٨ لە قۆناغی پووکانەوەی کۆڵۆنیاڵیزم سەریهەڵدا. قۆناغی سەرهەڵدانی پەکەکە، هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە مێژووییەدا".
"ئۆجالان دەستەوەستانی مێژوو نابێت، مێژوو دەنووسێتەوە"
ئاندرسۆن ئاگربەستی ساڵی ٢٠١٣ ی بیرهێنایەوە، گوتی: "بەبڕوای من، لە هەوڵی چارەسەری ساڵی ٢٠١٣ و ئەمڕۆشدا، هیچ کاتێک ئۆجالان دەستەوەستانی مێژوو نەبووە، بەپێچەوانەوە، مێژوو دەنووسێتەوە، مێژووی گەلی کورد دەنووسێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، هەمان شتە.
کێشەی دەوڵەتی تورک هەیە، ئەو کێشانە هەن کە ئەردۆغان خوڵقاندوویەتی. پێشهات و نادڵنیایی لە سوریا ڕوودەدەن. ئۆجالانیش بەدوای وەڵامی هەموو کێشەکان دەگەڕێت و دەیەوێت زەمینەیەک بئافرێنێت. ئەم بانگەوازە، بە تەواوی تەبایە لەگەڵ هەڵوێستی ئایدۆلۆژی ئۆجالان. ئەمڕۆ جیهانێکی نوێ دەئافرێنرێت".
بانگەوازەکە بەشێکە لە پارادایمەکەی
ئاندرسۆن ڕایگەیاند ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دەیخوازێت دیموکراسی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، جۆرێک لە دیموکراسی کە هێز بە گەل ببەخشێت، گوتی: "ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە، ئەم شتەیە. ئەمە بۆ گەلی کورد و تورکیاش نزیکایەتیەکی گونجاوە، پرۆژەکەی ئۆجالانیش هەر ئەمەیە. ئۆجالان پێش هەموو شتێک، دەیەوێت هاوشێوەی ڕۆژئاوا، بۆ گەلی کورد لە تورکیاش دیموکراسی بنیات بنێت و گەلان پێکەوە کۆبکاتەوە. چونکە دیموکراسی تەنها گرێدراو نییە بە مەسەلە ناوخۆییەکانەوە، هاوکات گرێدراوە پەیوەندییە دەرەکییەکانیشەوە. ڕەنگە ئەمە ببێتە پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆز. وەها هەڵسەنگاندن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجالان دەکەم. پێویستە گەل دووبارە دەنگیان هەڵبڕن.
پێویستە سەرەتا کۆتایی بە توندوتیژی سەربازی و تیرۆری سیاسی تورکیا بێت. ئەگەر لەلایەن ئەردۆغان و تورکیاوە هەنگاو نەنرێت، ئەم ڕەوشە ڕێگەی دیموکراسی دەخاتە مەترسییەوە، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣ پرۆسە و ئاگربەستێک هەبوو. بەڵام ئەردۆغان و تورکیا ئەمەیان پێشێل کرد. هێشتاش بە تەواوەتی نازانین ئەردۆغان وەڵامی بانگەوازەکە دەداتەوە یان نا. بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، دەبێت دەوڵەت هەنگاو بنێت".
"پەکەکە لە ڕێکخستنێکی چەکداری زیاترە"
هەروەها گوتی: "ناسنامەی کوردان و هەبوونی پەکەکە وەک مەسەلەیەکی ئایدۆلۆژی و سیاسی بەردەوام دەبێت. بێگومان کوردان مافی دیموکراتیک و سیاسی و کەلتوورییان هەیە. دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت. ئەگەر نا دیموکراسی بەدی نایەت دیموکراسی هاوکات واتە ناساندنی مافی کوردانە بەشێوەیەکی یاسایی و دەستووریی گونجاو. ئەمە پرۆسەی دانوستانە، ئەگەر وەڵامی ئەم بانگەوازە نەدرێتەوە، دیسانەوە بنبەستێک ئەزموون دەکرێت.
دەشێت ئەمڕۆ باس لە چەکدانانی پەکەکە بکرێت. بەڵام دیدگای پەکەکە و پێشەنگانی پەکەکە هەیە. بۆیە خەبات و بەرهەمەکانی ئۆجالان، فیکری وی بۆ پێکەوەژیانی گەلان، لەنێو سیستەمێکدا مومکینە کە تێیدا پایەکانی دیموکراسی فەراهەم بن.
پەکەکە تەنها ڕێکخستنێکی چەکداری نییە. هاوکات نوێنەرایەتی دۆزی کورد دەکات. بۆیە مەسەلەکە تەنها چەکدانان نییە. پێویستە ئەم تێکۆشانە لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماتیک بەڕێوەبچێت. لێرە باسی دیپلۆماسی دانوستان دەکەین. ئۆجالان نەوەک تەنها پەکەکە، دەیەوێت هێزی بەرامبەریش بگۆڕێت.
"ئۆجالان دەیەوێت ڕژێم بگۆڕێت"
ئەگەر ڕژێم نەگۆڕێت، دیموکراسی بەدی نایەت. دەبێت مرۆڤ دیسانەوە باس لە گرنگی سەرنجەکەی ئۆجالان بکات. بانگەوازەکەی ئۆجالان هەنگاوێکی بوێرانەیە. نەوەک هەر هەرێمەکە، هەموو جیهان لەنێو ناسەقامگیریدایە. ئەمانە تەنها پرسێکی هەرێمی نین، بەڵکو هۆکاری قەیرانی جیهانیین".
ئاندرسۆن جەختی کردەوە، دەبێت دەسەڵات وەڵامی ڕوون بداتەوە و ئەم بانگەوازە جێبەجێ بکرێت، گوتی: "گرنگی و پاشەڕۆژی بانگەوازەکەی ئۆجالان لێرەدایە. ئەمە ڕووداوێکی مەزنە. تەنها مێژوونووسین بەس نییە، دەبێت لەکاتی مێژوونووسینەوەدا، هەنگاوەکان ببنە پرۆژەیەکی ڕوون.
هێشتنەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، تاوانبارکردنێکی نابەجێیە بەرامبەر کوردان. لەڕاستیدا تیرۆریست تورکیایە. ئەوە دەوڵەتی تورکە تیرۆر بەرامبەر کوردان دەکات".
"دەبێت ئۆجالان بەشێوەیەکی ئازاد بەشداری دانوستانەکان بکات"
لەکۆتاییدا ئاندرسۆن گوتی: "ئەگەر ڕاست دەکەن، ناتوانن دانوستان لەگەڵ کەسێکدا بکەن کە لە زیندانە. دەبێت ئۆجالان بەشێوەیەکی ئازاد بەشداری دانوستان بکات. بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، ئەم هەنگاوە پێویستە. دەبێت ئۆجالان ئازاد ببێت. ئەگەر ئامانجەکە پرۆسەیەکی جدییە، ئەمە پێویستییەکی دیموکراسییە".