لە چوارچێوەی کۆنسێپتی شەڕی قڕکردن و نکۆڵی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد، هەلومەرجی ٢٥ساڵەی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمراڵی دژوارتر دەکرێت و بەردەوامە. لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ٧٤ ناوەندی جیهان بە داواکاری کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و شەڕ کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی و راگەیەندراوی هاوبەش درا و لە ژێر ناوی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" هەڵمەتێکی جیهانی دەستیپێکرا. رێکخراوە مەدەنیەکان لە ناوەندی جیاجیا و کەسایەتی بەناوبانگی جیهانی رۆژ لە دوای رۆژ بەشداری لەو هەڵمەتەدا دەکەن و پشتیوانی خۆیان رادەگەیەنن و لە هەمان کاتدا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە شەڕی دەوڵەتی تورک لە کوردستان دەردەبڕن.
پەرلەمانتاری کانتۆنی جنێڤ رامی پاگانی کە پێشتر سەرۆکی شارەوانی جنێڤ بوو، سەبارەت بە هەلومەرجی گۆشەگیری لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان و شەڕی دەوڵەتی تورک لە کوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'گۆشەگیری ئەشکەنجەیە'
پاگانی ئەوەی خستەڕوو، کە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" گرنگە و رایگەیاند، لایەنگری ئەم هەڵمەتەیە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "ئەگەر رۆڵی ئۆجالان کە چەندین ساڵە لەناو هەلومەرجی گۆشەگیری لەپێناو چارەسەری پرسی کورد پەیڕەوی دەکات، لە بەرچاو بگیرێت، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئەم هەڵمەتە گونجاو و رەوایە. هیچ کەس لەمڕۆدا نازانێت کە ئۆجالان لە چ هەلومەرجێکدا راگیراوە و تەنانەت بنەماڵەکەشی ناتوانن بیبینن. هەموو ئەوانەش پێچەوانەی یاسای نێونەتەوەیین. ئەو گۆشەگیرییە ئەشکەنجەیە. پەیماننامەی نێونەتەوەیی بوونیان هەیە و تورکیا پابەندکراوە بە جێبەجێکردنیان و واژۆی لەسەر کردوون. لە رێگەی ئەو پەیماننامانەوە ناچارن رێگە بە زیندانیان بدەن کە بنەماڵە و پاڕێزەرانیان ببینن و بەردەوام بن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهانی دەرەوە. بێبەشکردنی ئۆجالان لەو مافانە مایەی قەبوڵکردن نییە".
'چارەسەری بە دیالۆگی سیاسی دەبێت و بەردەنگەکەشی عەبدوڵا ئۆجالانە'
سیاسەتمەداری سویسری رامی پاگانی ئەوەی خستەڕوو، کە پرسی کورد بە شەڕ و گۆشەگیری چارەسەر ناکرێت و وتی، "لە بنەڕەتدا من لەو بڕوایەدام کە دەبێت پرسی کورد بە رێگەی دیپلۆماتیک و سیاسی چارەسەر بکرێت. ئەردۆغان بۆ ماوەیەکی زۆر ئەوەی تاقیکردەوە. بەڵام بەداخەوە بەردەوام نەبوو لەسەری.
لە ئەنجامی دانوستان و رێککەوتن شەڕە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکان کۆتاییان دێت. دەبێت پرسی کورد بەم جۆرە چارەسەر بکرێت و بەڕێز ئۆجالان ببێتە بەشێک لە دانوستان و رێککەوتن و لێکتێگەیستنی بەو جۆرە. رۆڵی ئۆجالان لە چارەسەریدا رۆڵێکی سەرەکییە. بۆ دانوستانێکی لەو جۆرە بە بڕوای من ئەردۆغان دەبێت رۆڵی ئۆجالان لەبەر چاو بگرێت، هەلومەرجی زیندانیکردنی باش بکرێت و ئازاد بکرێت. فاکتەری سەرەکی کە زیندانییەکی سیاسی بەرەو ئازادی دەبێت، دۆخی سەفەربەرییە کە پێناویدا دێتە ئاراوە. بۆ ئازادی ئۆجالان و چارەسەری پرسی کوردیش داوای سەفەربەری دەکەم".
'دەکرێت جنێڤ بکرێتە ناونیشانی چارەسەر'
پاگانی وتی، "دەکرێت لە جنێڤ چارەسەریەک بۆ پرسی کورد بدۆزرێتەوە. وەک سەرۆکی پێشووی شارەوانی شارەکە، بۆ چارەسەرکردنی زۆر کێشە بە تایبەتی باسک و کاتالان، من لە دانوستانی فەرمی و نیمچە فەرمی لەم شارەدا بەشداربووم. ئەردۆغان بۆ چارەسەری سیاسیی پرسی کورد دەتوانێت پلاتفۆرمی جنێڤ بە بنەما بگرێت".
'لەپێناو چەسپاندنی ئاشتیدا دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت'
پاگانی بەم جۆرە بەردەوام بوو، "ماندێلا و قۆناغی ئەفریقای باشوور، بۆ چارەسەری پرسی کورد نمونەیەکی تەواوە. ماندێلاش لە هەلومەرجێکی سکانداڵ ئامێزدا ژیا، کە هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە لەمرۆ ئۆجالان تیایدا زیندانی کراوە. ماندێلا بووە بەردی بناغە و گەرنتیکاری پرۆسەی ئاشتی لە ئەفریقای باشوور. لەبەر ئەوە وابیردەکەمەوە کە بەڕێز ئۆجالانیش دەتوانێت هەمان رۆڵ بگێڕێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە جێبەجێ بکرێت، یەکەم شت کە دەبێت بکرێت ئەوەیە کە ئۆجالان ئازاد بکرێت و بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات و هەلومەرجی ئاراستەکردنی قۆناغەکە بەرەو ئاشتی بخوڵقێنێت. لە رێگەی ئاشتی و رێککەوتندا زۆر هەلومەرج بوونی هەیە کە دەبێت رێزیان لێبگیرێت. لەبەر ئەوەی ئاشتی پرۆسەیەکە، سەرەتا بەرهەڵستکاران ئازاد دەکرێن و رێککەوتن واژۆ دەکرێن. بەڵام لێکتێگەیستن پرۆسەیەکی دیکەیە، شێوازێکی دیکەیە و دەبێت بابەتی جیاوازی تێدا ئەنجام بدرێت".
'شەڕ لە دژی گەلی کورد لە شەری غەززە جیاوازتر نییە'
پاگانی قسەکانی سەرۆک کۆماری تورک تەیب ئەردۆغانی لەبارەی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە بە بیرهێنایەوە و وتی، "داکۆکی ئەردۆغان لە تێکۆشانی گەلی فەلەستین بە تەواوەتی رەوایە و مایەی تێگەیشتنە. ئەردۆغان بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل رێز بۆ پەیماننامە نێونەتەوەییەکان دانانێت، رەخنەی لێدەگرێت. بەڵام هەر ئەو ئەردۆغانە بۆ چی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان لە بارەی بەڕێز ئۆجالان و گەلی کورد جێبەچێ ناکات؟ ئەو شەڕەی لە دژی گەلی کورد دەکرێت هیچ جیاوازیەکی لەو شەڕە نییە کە ئیسرائیل لە غەززە دەیکات. ئەردۆغان رەخنە لە کردەوەکانی ئیسرائیل و ناتانیاهوو دەگرێت، بەڵام خۆی هەمان شت دژی گەلی کورد دەکات. پێشتر زۆر جار چووبوومە تورکیا و کوردستانی عێراق. لەوێ چاوم بەو مرۆڤانە کەوت کە رووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ببوونەوە. لە ئەنجامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک گوندەکان وێران کراون، مرۆڤەکان ناچار کراون کۆچ بکەن و مرۆڤەکان کوژراون. من ئەوانەم لە زاری شایەتحاڵەکانەوە بیست. ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر گەلی کورد، ئەگەر تاوانی جەنگی نەبن، ئەی کەواتە چین؟".
هـ . ب