پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسی فەیلیی و ئێزدیی کۆتایی هات

لە پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسی نزیکبوونەوەی (ئێزدی – فەیلی) چەند پرسێکی وەکو مێژووی فەیلییەکان و ئێزدییەکان و دۆخی ژنان باس کران.

لە پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسی 'بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی' سێ بابەت لەبارەی مێژووی ئێزدییەکان و فەیلییەکان و کەیسی ژنانی ئێزدیی و فەیلی، پێشکەشکران و تێیدا جەخت لەوە کرایەوە، کە ئێزدییەکان و فەیلییەکان هەمیشە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی و جینۆساید بوونەتەوە و ئێستاش ئەگەر ژنانی ئێزدیی خۆیان ڕێکنەخەنەوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی دیکە دەبنەوە.

سێ بابەت لە پانێڵی یەکەمی 'بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی' پێشکەشکران، ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پانێڵەکەی بەڕێوەدەبرد و تێیدا مێژووی فەیلییەکان و ئێزدییەکان بەدرێژیی باسکرا و بابەتێکیش لەبارەی ژنانی ئێزدیی و فەیلیی پێشکەشکرا.

نوال عەبدولوەهاب، چالاکوانی ژنی فەیلیی بابەتێکی لەبارەی مێژووی کوردانی فەیلیی کۆن تا ساڵی ٢٠٠٣ پێشکەشکرد و تێیدا بەدرێژیی باسی لە مێژووی کوردانی فەیلیی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە فەیلییەکان لە هەموو کایەکانی عێراقدا ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە لە عێراق هاتوونەتە سەر حوکم تائێستا، هەوڵیانداوە فەیلییەکان پەراوێزبخەن، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتە نەژادپەرستییەکانی عێراق کوردانی فەیلییان چەوساندووەتەوە و پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامداون.

هاوکات پارێزەر ئازاد عەبدۆ، چالاکوانی ئێزدیی بابەتێکی لەبارەی مێژووی کۆمەڵگەی ئێزدیی تا ٢٠٠٣ پێشکەش کرد و دوای ئەوەی بەدرێژیی تیشکی خستەسەر مێژووی ئێزدییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، کە ئێزدیی یەکێکن لە کۆنترین ئاینەکانی ناوچەکە و مێژوویەکی دێرینی لە پێکەوەژیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراق.

 وتیشی: هەمیشە ئێزدییەکان ڕووبەڕووی کارەسات و کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، تائێستا ٧٤ فەرمانیان بەسەردا هاتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە خاوەن بیروباوەڕی تایبەت بەخۆیان بوون، بۆیە هەمیشە ڕووبەڕووی هێرش و کۆمەڵکوژکردن بوونەتەوە.

دڵشا عوسمان، شارەزای کاروباری ژنان بابەتێکی لەبارەی کەیسی ژنانی ئێزدیی و فەیلیی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی عێراقی نوێکراوە پێشکەش کرد و باسی لەوەکرد، کە لە هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەسەر ئێزدییەکان و فیلییەکاندا هاتووە، هەمیشە ژنان پشکی شێریان بەرکەوتووە، ژنانی ئێزدیی و ژنانی شەنگال لێکچوونی زۆر لەنێوانیاندا هەیە، بەتایبەت ژنانی فەیلیی کە لە پرۆسەکانی ڕاگواستندا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، هەروەها ژنانی ئێزدیی بەتایبەت لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش، پێنج هەزار ژنی ئێزدیی ڕفێندران و لە بازاڕەکان وەک کەنیزەک فرۆشران.

وتیشی: ئێستا ژنانی شەنگال خۆیان ڕێکخستووەتەوە و پێگەی خۆی بەهێزکردووە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگرییکردن لە کۆمەڵگەی ئێزدیی، بەتایبەت ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە ئازادکردنی شەنگال لە چنگی داعش، ئێستا ژنانی شەنگال خۆیان کردووە بە هێز و خۆیان ڕێکخستووە، ئەو ئەکادیمیایانەی لە شەنگال کرانەوە، هیوایەکی دایەوە بە ژنانی شەنگال، ژنانی ئێزدیی بەبێ ڕێکخستنەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی دەبنەوە، بۆیە پێویستە ژنان خۆیان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی مافەکانیان بەدیبهێنن.

ژ.ت