پارێزەر بن خەلیفە: فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئامرازێکە بۆ کوشتنی بێ دادگایی کردن لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە

پارێزەر سەلما بن خەلیفە لەنزیکەوە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکات کە بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی لە مەخمور و شەنگاڵ ئەنجامی دەدات و ڕایگەیاند، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتە ئامرازی کوشتنی بێ دادگایی کردن.

سێ پارێزەری بەلژیکی لە نێویاندا پارێزەر سەلما بن خەلیفە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا چوونە کەمپی پەنابەرانی مەخموور و شەنگاڵ و لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامی داوە، دەست پێکردبوو. بە بەڵگەوە پشتڕاستیان کردەوە کە دەوڵەتی تورک بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیانی بە خەڵکی سڤیل و ناوچە مەدەنییەکان گەیاندووە. بن خەلیفە سەبارەت بە سەردانەکەیان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

 بن خەلیفە وتی:"لە مانگی ئابی 2022 بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی دەوڵەتی تورک سەردانی شەنگاڵ و کەمپی ئاوارەکانی مەخمورمان کرد، لە شەنگاڵ سەردانی زۆرێک لە گوندە ئێزدییەکانمان کرد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی ئێزدییەکان هێرشی ڕەگەزپەرستانە بوون. کاتێک ئێمە لەوێ بووین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورک لە ئاسماندا دەسووڕایەوە.

ئێزدییەکان باسی کۆمەڵکوژییەکەیان دەکرد. بە زمانی ئەوان بە مانای کۆمەڵکوژی دێت. هەندێکیان دەیانگوت هێرشی داعش دوایین کۆمەڵکوژییە. بەڵام ئێزدییەکان هێرشەکانی درۆنییەکانی دەوڵەتی تورک وەک کۆمەڵکوژی پێناسە دەکەن و بە تۆڵەی داعش پێناسەی دەکەن.

بن خەلیفە ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکانمان کرد. دەوڵەتی تورک لە هەموو شوێنێک بە ئاشکرا هێرشەکانی ئەنجام دەدات. کاتێک مرۆڤ بچنە ئەوێ دەتوانن بەڵگەکان ببیننەوە کە ‌هێرشە درۆنییەکان، دەوڵەتی تورک ئەنجامی داون. پرسیاری ئەوەی 'ئایا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکە یان نا' بۆ خۆی پرسیار نییە. چونکە دەوڵەتی تورک بە لێدوانەکانی هێرشەکان پشتڕاست دەکاتەوە. لە ژێر ناوی 'شەڕ لە دژی پەکەکە' ئەم کارانە دەکات.

بۆ نموونە هێرشیان کردە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل و بەرپرسێکی ئێزدی لە کاروانەکەدا هەبووە. دوای ڕۆژێک بۆ دڵنیابوون لەوەی بریندارەکان کوژراون، نەخۆشخانەکەیان بۆردومان کرد.

لەگەڵ دوکاندارەکانی شەنگاڵ گفتوگۆمان کرد. ئەوان لەگەڵ ئەو بنەماڵانەی کەسوکاریان لە هێرشەکاندا کوژراون قسەو باسمان کرد. دیارە لە هێرشانەدا هەموو جارێک خەڵکی مەدەنی کوژراون."

بن خەلیفە ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر سەردانی کەمپی پەنابەرانی مەخموریان کردووە و وتیان:"کەمپێکی پەنابەرانی خەڵکی تورکیان کە گوندەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە سووتاوە و بەهۆی گوشارەوە کۆچیان کردووە ئێستا لەوێ دەژین، بیهێننە بەرچاوتان ئەوان لە دەست دەوڵەتی تورک هەڵهاتوون و پەنایان بۆ سەدام حسێن بردووە، کەواتە دەوڵەتی تورک لە سەدام ترسناکترە، تەنانەت بێ بەزەییترە. ئەوان برسی و تینوو بوون، بەڵام سەدام حوسێن بیابانێکی پێداون. گەل ئەو بیابانەیان کردە شوێنێکی ژیان. ئەو کەسانە لەوێ دەژین، لەژێر چاودێری دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لەوێ ماڵ و خێزانیان پێکهێناوە، ئەوانەی لەوێ لەدایکبوون و گەورە بوون خاوەن هیچ ناسنامەیەک نیین، بێ دەوڵەتن، ئەردۆغان ئەو شوێنە بە 'هێلانەیەکی تیرۆر' پێناسە دەکات. .ئەم کەمپە بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکرێتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوڵەتی تورک.

بە پێی تێگەیشتنی دەوڵەتی تورک هەموو خەڵکی ئێرە پەکەکەن. بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە نیشان بدات کەسێک لەم کەمپەدا دژی دەوڵەتی تورک شەڕی کردبێت یان هێرشی کردبێتە سەر دەوڵەتی تورک.

 بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وڵاتێک نابێت هێرش بکاتە سەر خاکی وڵاتێکی تر

بن خەلیفە ڕوونیکردەوە، ئێزدییەکان کە لەلایەن داعشەوە کرانە ئامانج، هێزی چەکداری خۆیان بۆ پاراستنی خۆیان دروستکردووە و شەڕی داعشیان کردووە و دەڵێت:"بەڵام ئەم هێزە چەکدارە هەرگیز هێرشی نەکردووەتە سەر دەوڵەتی تورکیا. ئەوان لە سنووری تورکیا و سوریا دوورن، بۆیە ئەم هێرشانە هیچ پەیوەندییەکیان بە مافی بەرگریکردن لە خۆوە نییە.

بە پێچەوانەوە هێرشەکانی درۆنییەکانی دەوڵەتی تورک پێشێلکردنی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکانە. چونکە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیکات کوشتنی بێ دادگایی کردنە.

دەوڵەتی تورک لە ساڵانی هەشتا و نەوەددا کوشتنی بێدادگایی ئەنجامداوە و مرۆڤی ڕفاندووەو کوشتوویانی، ئێستا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەم کوشتارە لەدەروەی سنوور ئەنجام دەدات. پێشتر بە دەمانچە دەیکرد، ئێستا بە درۆن.

لە ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی پاراستنی تورکیادا باس لەوە کراوە کە بەپێی زانیارییەکانی میت ئەم هێرشانە ئەنجام دەدرێت. ئەو کەسەی فەرمانی کوشتن دەدات میتە، میت وێنە و زانیاری لەسەر ئەو کەسانە دەدات و بەکۆمپیوتەر جێبەجێ دەکات و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەیانکوژن. بەڵام زۆرجار خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج.

ڕێکخستنەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی کوژرانی خەڵکی سڤیل لێدوان دەدەن. بەڵام کەس کوشتنی تیرۆرستێکی ڕاناگەیەنێت. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەیش تیرۆریست بێت، نابێت بە شێوەیەکی ناڕەوا بکوژرێت. هیچ کەسێک بە بێ دەستگیرکردن و دادگاییکردن و لێکۆڵینەوە و پرۆسەی یاسایی نابێت وەک تیرۆریست تۆمەتبار بکرێت و بکوژرێت.

تەنانەت ئەگەر پەکەکەیش بێت نابێ ئەم کارە بکرێت، پێچەوانەی یاسایە. میت نە دادپەروەری و نە یاسای نییە. لە تورکیا سزای لەسێدارەدان نییە، سزای کوشتن نییە. بەڵام ئەمە لەسێدارەدانە. سەبارەت بە لابردنی سزای لەسێدارەدان پەیمان واژۆ کراوە، بەڵام بەردەوامن لە لەسێدارەدانی مرۆڤەکان. یاسا، دەسەڵاتی دادوەری، دادگاکان بڕیار دەر نیین بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی میت لە سەر کوشتنی مرۆڤەکان بڕیار دەدەن و بە درۆن هێرشەکان ئەنجام دەدەن.

بن خەلیفە ئاشکرای کرد کە ویستوویانە سەبارەت بەو پرسە داواکاری پێشکەش بە دادگای مافی مرۆڤ بکەن و وتی:"بەڵام پێمان دەڵێن دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییە ناوخۆییەکانی تورکیا دەتوانن داواکارییەکە پێشکەش بکەن، دووەم چونکە قوربانییەکان هاووڵاتی تورکیا نین، بۆیە ناتوانن دۆسیە تۆمار بکەن.

لە ساڵی ٢٠١٤ لە تورکیا یاسایەک دەرچوو، بەو پێیە ناتوانرێت سکاڵا لەسەر میت تۆمار بکرێت. کاتێک پارێزەر تاهیر ئەلچی تیرۆر کرا کاریگەری زۆری لەسەر ئێمە کرد. داوای یاسایی لەسەر وەزارەتی بەرگریی تۆمارکرا.

بۆ ئێزدییەکانیش ئەستەمە، پارێزەریش دەکرێنە ئامانج و دەزانین کە ئەنجامی نابێت چونکە دەوڵەتی تورک لەم بابەتەدا دادگایی ناکرێت.

ڕێگای دووەم بریتییە لە داواکردن لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمەش لە لایەن دەوڵەتێکەوە دەکرێت. بۆ نمونە عێراق سەبارەت بە هێرشی سەر خەڵکی مەدەنی عەرەب بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەڵام ئەم داوایە بۆ کورد ناکات.

سەبارەت بە قوربانیانی مەخمور داوامان لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نابێت ئەم هێرشانە ئەنجام بدرێت، بەڵام هیچ هەنگاوێک ناگرێتەبەر. تا کەشێکی گوشاری سیاسی لەسەر حکومەتەکان دروست نەبێت، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات."