پارێزەران گۆشەگیریی ئیمراڵی و دادگای دەستوورییان شەرمەزار کرد

سەدان پارێزەر لە کوردستان و تورکیا هاتنە ئەنقەرە، لەبەردەم دادگای دەستووری کۆبوونەوە، گۆشەگیریی ئیمراڵییان شەرمەزار کرد و بانگەوازیان لە دادگای دەستووریی کرد: "بەرپرسیارێتی خۆت جێبەجێ بکە".

پارێزەران گۆشەگیریی ئیمراڵیان شەرمەزار کرد

سەدان پارێزەر لە کوردستان و تورکیا هاتنە ئەنقەرە، لەبەرئەوەی داواکارییەکان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەڵام نەدراوەتەوە، دادگای دەستوورییان (AYM) شەرمەزار کرد. پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرۆکی نووسینگە یاساییەکان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی و سیاستمەدار ئایلا ئاکات پشتگیری چالاکییەکەیان کرد.

لەسەر ناوی پارێزەران هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) سەرحەد چاکماک ڕاگەیاندراوی خوێندەوە. ڕایگەیاند لە ئیمراڵی یاسا و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان پێشێل دەکرێت.

چاکماک ڕایگەیاند قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵە لە ئیمراڵی لە جیهاندا وێنەی نییە، پارێزەران ناتوانن پیشەی خۆیان ئەنجام بدەن. گوتی: "لە زیندانی ئیمراڵی هەر سێ مانگ جارێک سزای دیسپلین بەسەر زیندانیان دەسەپێنرێت، بەمەش دیدار لەگەڵ بنەماڵە قەدەغە دەکرێت، ئەم ڕەوشە چەند ساڵە بەردەوامە".

"سیستەمی ئەشکەنجە جێبەجێ دەکرێت"

چاکماک ڕایگەیاند سکاڵای پارێزەران دژی سزاکانی دیسپلین ڕەچاو ناکرێن، گوتی: "بەم شێوەیە سزای دیسپلین لەسەر ئەو زیندانییە دەسەپێنرێت کە تەواوەتی لە جیهان دابڕێنراون، بەسەر ئەو زیندانیانەی کە هیچ هاوکارییەکی یاسایی وەرناگرن. ڕژێمێکی سزادان دامەزراوە کە یاسا بەدڵی خۆی هەڵدەسەنگێنێت و بناغەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی بنیات ناوە".

دەیان داواکاری پێشکەش کراوە

هەروەها ڕایگەیاند دژی ئەم سزای دیسپلینانە و پێشێلکاری سیستەماتیکی مافەکان، لەماوەی ٩ ساڵدا دەیان داواکاری پێشکەش بە دادگای دەستووری کراوە. وە بە پاساوی جیاواز و بێ بنەما دیداری پارێزەران لە ئیمراڵی ئاستەنگ کراوە. لە ٢٧ ی تەمموزی ٢٠١١ ـەوە دیداری پارێزەران لە زیندانی ئیمراڵی بە تەواوی قەدەغەکراوە.

بەشێوەی سیستەماتیک سزای دیسپلین جێبەجێ دەکەن

هەروەها ڕایگەیاند لە مانگەکانی ئایار_ئابی ٢٠١٩ دا، ٥ جار دیداری پارێزەرانی ئاوارتە هەبوون، بێجگە لەوە دیدار نەبووە، پێشتر بە پاساوی وەک "خراپی کەشوهەوا" و "کەشتی خراپ" و هتد، ڕێگە لە پارێزەران گیراوە. لە تەمموزی ٢٠١٦ ـەوە دادگای سزادانی بورسا بەشێوەی نایاسایی هەر شەش مانگ جارێک بڕیاری قەدەغەکردنی دیداری پارێزەرانی داوە، بڕیارەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و وەک ڕێکارێکی سیستەماتیک جێبەجێ کراون.

ڕایگەیاند لە دژی ئەم سەپاندنانە چەندین جار داواکاری پێشکەش بە دادگای دەستووری کراوە، پێویستە سکاڵای پارێزەران لەم ڕووەوە بە بنەما بگیرێت.

ناڕەزایەتی دژی دادگای دەستووری

چاکماک ئاماژەی بەوە کرد، دژی نەبوونی زانیاری و سزای دیسپلین و قەدەغەی دیداری پارێزەران و تەلەفۆن، لەماوەی ٩ ساڵدا ٥٠ داواکاری پێشکەش کراون، بەڵام دادگای دەستووری خۆی دزیوەتەوە لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکان و هیچ ڕۆڵێکی نەگێڕاوە. داوای کرد دەستوەردانی گونجاو بکەن بۆ ڕاگرتنی ستەم بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد و ئایین و زمان و ڕەنگ و هتد.

یاساکان بۆ کوردان جێبەجێ ناکرێن

چاکماک ئاماژەی بەوە کرد کاتێک باسەکە دەبێتە کورد، یاساکان جێبەجێ ناکرێن، ئەمە لە بڕیارەکانی دادگای دەستووری پەیوەست بە ڕۆبۆسکی و قەدەغەی هاتوچۆ و کۆمەڵکوژی پیرسوس و گارەی ئەنقەرە بە ئاشکرا دەبینرێت. دووپاتی کردەوە، ڕەتکردنەوە و وەڵام نەدانەوەی سکاڵاکان دژی گۆشەگیری ئیمراڵی لەلایەن دادگای دەستوورییەوە، گورزێکی توندە لە باوەڕبوون بە یاسا.

کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن

جەختی کردەوە، پێویستە ڕژێمی گۆشەگیری ئیمراڵی کۆتایی پێ بهێنن و بناغەی چارەسەر و گفتوگۆ پێش بخەن، تاوەکو تورکیا بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی یاسایی دیموکراتیک. وە دەبێت لەم چوارچێوەیەدا دادگای دەستووری خاوەنی هەڵوێست بێت و بە بڕیاردان دژی بە سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەری کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا.

بەرپرسیارێتییەکانتان جێبەجێ بکەن

بانگەوازی لە دادگای دەستووری کرد بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی زیندان بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

دەسپێشخەریی دادپەروەری دژی گۆشەگیری

هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی یاسایی و مافەکانی مرۆڤی دەم پارتی ئۆزتورک تورکدۆغان ڕایگەیاند دەسپێشخەریی دادپەروەرییان دژی گۆشەگیری دامەزراندووە و پرسی گۆشەگیری بە هەمووان دەگەیەنن. گوتی نەبوونی زانیاری بۆ ماوەی ٤٣ مانگ دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هاوڕێکانی قبووڵ ناکەن،  گوتی: "لە هەموو پرۆسەکانی ئاشتی لە تورکیا، بەڕێز ئۆجالان بەردەنگ بووە. پێویستە کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەین. ئەمەش بە ڕێگەی ئیمراڵییدا تێدەپەڕێت".

"عەبدوڵا ئۆجالان، ئیرادەی ملیۆنان کەسە"

پەرلەمانتاری دەم پارتی مەراڵ دەنیش بەشتاش ڕایگەیاند دادگای دەستووری بە دڵی ئاکەپە دەجووڵێتەوە، دەربارەی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "زانیاری دەربارەی کەسێک نییە، کە ملیۆنان کەس بە ئیرادەی خۆیانی دەزانن. گۆشەگیری لە هیچ یاسایەک جێی نابێتەوە. بەڕێز ئۆجالان لە چارەسەری پرسی کورد ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە. بۆچی لە ئیمراڵی گۆشەگیری هەیە؟ چونکە دەسەڵات هێشتاش دوژمنایەتی کوردان دەکات".