پارێزەران و بنەماڵەکان بۆ ئەوەی سەردانی ئیمراڵی بکەن داواکارییان پێشکەش کرد

بنەماڵە و پارێزەرانی ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمڕالی بۆ ئەوەی بتوانن چاویان پێیان بکەوێت، سەردانی داواکاری گشتی کۆماری بۆرسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمڕالی کرد.

دوای زیاتر لە ٣٤ مانگ لە ڕێگە نەدان بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی ئیمرالی، بنەماڵە و پارێزەرانیان داوایەكیان پێشكەش بە داواکاری کۆماری بورسا کرد. محەمەد ئۆجالان، برای ڕێبەر ئۆجالان و پارێزەرەکەی مەزلۆم دینچ لەگەڵ عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش، داواکاریان پێشکەشی داواکاری کۆماری بورسا کرد.

لە نێوان ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٣، لایەنی کەم لە هەر سێ مانگێکدا، پێنج جار سزای دیسپلینیان بەسەردا سەپێندراوە، هەر بەو بیانووەشەوە، مافی بینینی ڕێبەر ئۆجالان و سێ زیندانی دیکەی ئیمڕالی، لەلایەن دەوڵەتەوە پێشێل دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی ٣٤ مانگە، ڕێگە بە پارێزەر و بنەماڵەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نادرێت چاویان پێ بکەوێت، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی دوو جار داواکاریی بە مەبەستی بینینی پێشکەش بە داواکاری کۆماری بورسا دەکرێت.