پارێزەرەکان بۆ دیدار لە ئیمرالی داواکارییەکی نوێیان بەرز کردەوە

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە داواکارییەکی نوێیان بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تۆمار کرد کە ماوەی ٣٤ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانرێت.

ماوەی ٣٤ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی جۆری ئێف بە ئاسایشی توندی ئیمراڵی لە ژێر گۆشەگیرییدایە، وەرناگیرێت. پارێزەرانی داوایان لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەرایەتی ئیمرالی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن موەکیلەکەیان ببینن.

داواکارییەکە لەلایەن پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە ڕازیە ئۆزتورک، عیمران ئەمەکچی، ئیبراهیم بیلمەز و جەنگیز یورەکلی پێشکەش کراوە.

هەروەها پارێزەران بۆ دیدار لە گەڵ موەکیلەکانی دیکەیان لە ئیمرالی، عۆمەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش داواکارییان پێشکەش کردووە.

داواکارییەکانی دیداری بنەماڵە و پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان و سێ زیندانی دیکە بە بیانووی "سزای دیسپلین" هەموو جارێ ڕێگری لێدەکرێت. دەسەڵاتی دادوەری ژمارە و ناوەرۆکی پەڕاوەکانی دۆسیەی پەیوەست بە سزای دیسپلین ئاشکرا ناکات.