پەرلەمانتارانی عێراق: پێویستە لەشکەرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێم و عێراق کۆتایی بێت

ژمارەیەک پەڕلەمانتاری عێراق داوادەکەن هەرچی زووە کۆتایی بە دەستدرێژەیەکانی دەوڵەتی تورکیا بهێنرێت لە سەر خاکی عێراق، دەبێت سەرۆەکایتیەکانی عێراق و هەرێم بۆ ئەو بابەتە بێنە سەرخەت.

هەریەک لە پەرلەمانتارانی عێراق سەرکەوت شەمسەدین، غالب مەحمەد عەلی، کاوە مەحمەد لە بەیانامەیکەدا کە وێنەێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات نێردراوە، وێرای ئیدانەکردنی ئەو لەشکەرکێشەکانی سوپای تورکیا داوا دەکەن هەرچی زووە هەر یەک لە سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و عێراق بێنە سەر خەت بۆ ڕاگرتنی ئەو لەشکرکێشیانە لە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژە بەوەش دەکەن: ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا لە رێگەی هێزی زەمینی و ئاسمانی-ەوە و لە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەشکرکێشی دەستپێکردووە کە ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراق و یاسا نێودوڵەتییەکانە، پێوستە  حکومەتی عێراق لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی-ەوە سکاڵا دژی دەوڵەتی تورکیا تۆماربکات و هەوڵە نێودەوڵەتیەکان دژی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا لە ناو خاکی عێراق یەکبخرێن.

 

دەقی بەیاننامەکە:

پێویستە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێم و عێراق کۆتایی بێت

ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا لە رێگەی هێزی زەمینی و ئاسمانی-ەوە و لە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەشکرکێشی دەستپێکردووە کە ئەمە پێشێلکارییەکی رونی سەروەری خاکی عێراق و یاسا نێودوڵەتییەکانە و پێویستە دەستبەجێ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان بێدەنگی بشکێنن و هەڵوێستیان هەبێت.

هەروەها پێویستە حکومەتی عێراق لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی-ەوە سکاڵا دژی دەوڵەتی تورکیا تۆماربکات و هەوڵە نێودەوڵەتیەکان دژی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا لە ناو خاکی عێراق یەکبخرێن.

ئێمەوەک ئەرکی سەرشانمان کە نوێنەرایەتیکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، سێ جار لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە واژوی ٥٠ پەرلەمانتار داواکاریمان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پرسی لەشکرکێشی و داگیرکاری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا، بەڵام بەداخەوە بە ئەجێندایەکی حزبی دیاریکراو رێگە نەدراوە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەم پرسە بخاتە بەرنامەی کارەوە، کە ئەمە ئەو پەری بێ رێزییە بە ئیرادەی گەلەکەمان. ئێمە هاووڵاتیانمان دڵنیا دەکەینەوە کە بێدەنگ نابین لە دژوەستانەوەی داگیرکاری دژ بە خاكی هەرێم و عێراق کە لە هەرلایەکەوە بێت.

داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا دەکەین کە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە دروستکردنی ئاڵۆزیی سەربازی و ئەمنی لە ناو خاکی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێ-وە، بەتایبەتی کە هێشتا مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە ماوە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ بنبرکردنی داعش بێت.

کێشەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و پێویستە بەرێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت کە ئەوەش تاکە رێگەی چارەسەری یە، هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێک نین لەو کێشەیە و نابێت تێوەبگلێنرێن.

پەرلمانتاران

کاوە محمد

سەرکەوت شەمسەدین

غالب محمد عەلی

۱۱ ی شوباتی ۲٠۲۱."

ک-ش