مەحما خەلیل لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە: هەرێمی کوردستان پەیوەندیدار نییە بە بابەتی دەستتێوەردانەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق و بەتایبەتیی لە لەناوچەکانی پارێزگای دهۆک، بەڵکو حکومەتی فیدراڵی بەگوێرەی ماددەی ١٠٩ی دەستوور بەو بابەتەوە پەیوەندیدارە کە دەڵێت (دەسەڵاتە فیدراڵییەکان پەیوەندیدارن بە پارێزگاریی لە یەکێتیی عێراق و سەلامەتی و سەربەخۆیی و سەروەریی و سیستەمی دیموکراتی فیدراڵی).
پێشتر عەلاوی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی لەپەرلەمانى عێراق رایگەیاندبوو: “هێزەکانی تورکیا لە قوڵایی ٤٠ کم لە ناو خاکی عێراقدا بوونیان هەیە و ئەمەش پێشێلکارییەکی مەترسیدارو گەورەیە بۆ سەروەریی عێراق”.
هەروەک ئاماژەی بەوەشکردبوو، "ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی و هەربۆیە دەبێت بەشێوەیەکی خێراو بەپەلە هەوڵبدەینو کاربکەین بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزانە".
سوپای دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە لە بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر سەرقاڵی ئۆپراسیۆنی داگیرکەری و دەیان بنکە و بارەگای سەربازی دروستکردووە.
هـ . ب