پەرلەمانتاری ئەرمەنستان: گەلان ڕزگاریی خۆیان لە ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینن

پەرلەمانتاری ئەرمەنستان کینیاس حەسەنۆڤ گوتی: "زۆر کەس ڕزگاری خۆیان لە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالاندا دەبیننەوە. پێویستە ساڵی ٢٠٢٤ ببێتە ساڵی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان".

 

پەرلەمانتاری ئەرمەنستان کینیاس حەسەنۆڤ لە ٢٥ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

سەرەتا شەهیدانی درووشمی "ئێوە ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن" بیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوە کرد پیلانگێڕان لە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەترسن و هەوڵیاندا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەسفیەی بکەن.

ڕایگەیاند هێزەکان ویستیان لە کەسێتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەرهەڵدانی گەلی کورد سەرکوت بکەن و گوتی: "بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە فیکر و فەلسەفەکەی بناغەیەکی وەها بەهێزی ئافراند هیچ هێزێکی پیلانگێڕ نەتوانێت بگاتە ئامانجەکەی. ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی دژی هەر جۆرە گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەک بەرخۆدانێکی مەزن دەکات، هیچ کات ڕادەست نەبووە و هێزە پیلانگێڕەکانی پووچەڵ کردەوە".

"پیلانگێڕەکان نەگەیشتنە ئامانجەکانیان: تەڤگەری ئازادی مەزن بوو"

حەسەنۆڤ ئاماژەی بەوە کرد دووەمین ئامانجی هێزە پیلانگێڕەکان تەسفیەکردنی تەڤگەری ئازادی کوردستان بوو، بەڵام تەڤگەری ئازادی کورد بەهێزتر بووە و لە هەموو جیهان بڵاوبۆتەوە و گەلی کورد لە جیهاندا بەرامبەر هێزە پیلانگێڕەکان بەرخۆدان دەکات.

هەروەها گوتی: "فیکری ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهان بڵاوبۆتەوە. ئەمڕۆ دەبینین هەزاران ئەنتەرناسیۆنالیست و لایەنگری ئاشتی لەدەوری ئەم فیکرە کۆبوونەتەوە و بە داخوازی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ پشتگیری لە گەلی کورد دەکەن. عەبدوڵا ئۆجالان ئیتر بۆتە سیمبولی ئاشتی و ئازادی و یەکسانی بۆ گەلان. بۆیە هەمووان ڕزگاری خۆیان لە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالاندا دەبینن.

نیلسۆن ماندێلا بۆ گەلی ئەفریقا کێ بوو، ڕێبەر ئاپۆش بۆ گەلی کورد وەهایە. بە دەرکەوتنی بەڕێز ئۆجالان گەلی کورد دیسان بێدار بوویەوە و ئازادی خۆی لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا بینییەوە".

هەروەها ڕایگەیاند دوژمن دەخوازێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە قۆناغەکە دووربخاتەوە، چونکە کلیلی چارەسەری کێشەی کورد و قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.

"ئازادی گەلی کورد لە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەدایە"

پاشان بانگەوازی لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی کرد ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و گوتی: "پێویستە ناهەقییەکانی سەر گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ نەهێڵن، مەبنە هاوبەشی هێزە پیلانگێڕەکان و دەوڵەتی فاشیستی تورک".

لەکۆتاییدا گوتی: "ڕێگەی ئازادی گەلی کورد گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەیە. بۆیە دەبێت ساڵی ٢٠٢٤ بکەینە ساڵی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ساڵی کوردستانێکی ئازاد.

بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەر چییەک پێویست بێت دەیکەم و ئەمە دەکەمە ئەرکی سەرەکیم".