فراکسیۆنە سیاسیەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد دژی کۆمەڵکوژیی سەر عەلەوییەکان هەڵوێست وەربگرن و تیشکیان خستەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. فراکسیۆنەکان پشتگیریی خۆیان بۆ ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی کاتیی دیمەشق دەربڕی.
فراکسیۆنی لیبراڵ: پێویستە توندوتیژیی ئیتنیکی شەرمەزار بکرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی لیبراڵ (Renew Group) ڤالێری هایەر ڕایگەیاند تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی دژی سڤیل بەردەوامە، هێرشی سەر کوردان و عەلەوییەکانی شەرمەزار کرد، گوتی: "ئەم توندوتیژییە ئیتنیکی و ئایینییانە نموونەی دڕندانەن بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. پێویستە هەموو پێکهاتەکانی سوریا لەنێو ئیدارەی نوێدا بەشداربن".
فراکسیۆنی سەوز: پێویستە ئەوروپا نێوەندگیری بکات
هاوسەرۆکی فراکسیۆنی سەوز (EFA) باس ئیکخوت تیشکی خستەسەر زیادبوونی توندوتیژییەکان، هەروەها ڕایگەیاند ڕێککەوتن لەگەڵ کوردان هیوابەخشە، گوتی: "پێویست یەکێتی ئەوروپا نێوەندگیرییەکی بێلایەنانە بکات و لایەنەکان کۆبکاتەوە".
فراکسیۆنی چەپ: پێویستە دەستبەجێ هێرشە بوەستێنرێن
هاوسەرۆکی فراکسیۆنی چەپ، مانۆن ئاوبری بانگەوازی کرد بۆ وەستاندنی هێرشەکان و پاراستنی عەلەویەکان و خەڵکی سڤیل، ڕایگەیاند لە ڕێککەوتنەکەی نێوان کوردەکان و دیمەشق، قبووڵکردنی زمانی کوردی و پاراستنی پێکهاتەکان خاڵێکی گرنگە و دەبێت ئەم هەنگاوە فراوانتر بکرێت. جەختی کردەوە، دەبێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەم شێوەیەی ئێستە بەردەوام بێت.
بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا
هەموو فراکسیۆنەکان بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد ڕۆڵ بگێڕێت لە چارەسەری ئاڵۆزییەکانی سوریا. جەخت دەکەنەوە، دانپیانان بە مافەکانی کورد و پاراستنی پێکهاتەکان بۆ ئایندەی سوریا گرنگە، دەبێت یەکێتیی ئەوروپا خەباتی دیپلۆماتیک زیاتر بکات و پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی بکات.