ڕێپێوانە درێژمەوداکەی بەریتانیا کۆتایی پێهات

ڕێپێوانە درێژمەوداکەی بەریتانیا لە بەردەم نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی باشوری کوردستان لە لەندەن کۆتایی پێهات.

بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تێکۆژن) ڕێپێوانێکی درێژمەودایان لە ٦ وڵاتی ئەوروپادا بە دروشمی "لە دژی داگیرکاری و خیانەت وەرن جەنگی ئازادییە" رێکخست. ڕێپێوانە درێژمەوداکەی بەریتانیا بە دروشمی "بمرێ خیانەت" لە بەردەم نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی باشوری کوردستان لە لەندەن کۆتایی پێهات.

 ڕێپێوانەکە لە وێستگەی هایبێری ئیسلینگتۆن دەستیپێکرد و گەل جلی گەریلایان لەبەر کرد و مەکاپ (پێڵاوی گەریلا)یان لە پێ کرد و سڵاویان لە بەرخۆدانی گەریلا کرد.

 لە بەردەوامیی رێپێوانەکەدا جەماوەری گەیشتنە گۆڕەپانی لیستەر و گۆڤەند و سەما و هەڵپەڕکێیان گێڕا. بە ناوی گەنجانەوە بەیاننامەیەک بە ئینگلیزی خوێندرایەوە و داوا لە هەموو کوردستانیانی بەریتانیا و دۆستانیان کرا بەشداری لە ١١هەمین چالاکییە گەورەکەى بەریتانیادا بکەن.

دواتر گەنجان ڕۆیشتنە بەردەم نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی باشوری کوردستان لە لەندەن. گەنجانی باشور ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕاگەیاندنەکان خوێندەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمەی گەنجانی کورد لە هەموو شوێنێک دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ سەر گەریلاکان و هێرشە داگیرکارییەکانی سەر چوار پارچەی کوردستان دەوەستینەوە. ئێمە سەرلەنوێ ڕۆح و ئیرادەی هەڵمەتی ١ی حوزەیران دەخەینەوە ڕوو و وەڵامی چەمک و دیدی پاکتاوکردن و قڕکردنی سەر گەلی کورد دەدەینەوە. ئەمڕۆ پشتیوانیکردن لە بیر و باوەڕی گەریلا بە ڕێبەرایەتی و تێکۆشان، هەم بە مانای ئازادکردنی ڕێبەرایەتیمانە و هەم ئازادیی کوردستانیش دەگەیەنێت".

گەنجان لەبەردەم نوسینگەکەدا ئاڵایەکی گەورەی هەپەگە و یەژاستاریان کردەوە و دروشمی "بمرێ خیانەت"یان دەوتەوە.

ژ.ت