'پێوسته‌ توركیا سه‌ر له‌نوێ بونیات بنرێته‌وه‌'

په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ قاترجی ئوغڵو باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌و زیانه‌ی ده‌سه‌ڵات گه‌یاندویه‌تی زۆر جددی و قورسه‌ و وتی، "پێویسته‌ كه‌ توركیا سه‌ر له‌نوێ بونیات بنرێته‌وه‌، ته‌نیا به‌ چاكسازی و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سیستمی په‌رله‌مانتاری نابێت".

په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ ئه‌رۆڵ قاترجی ئوغڵو سه‌رنجی راكێشایه‌ سه‌ر تێكۆشانی كورد له‌ پێناو ناسنامه‌ و تێكۆشانی چینایه‌تی و گرنگی هاوبه‌شی ئه‌و دوو بواره‌ی به‌رخودانی ده‌ستنیشان كرد.

قاترجی ئوغڵو باسی له‌وه‌كرد، ئۆپۆزسیۆن هێزی خۆی له‌ دوو داینه‌مۆ وه‌رده‌گریت، یه‌كێكیان بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورده‌ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وه‌ی كه‌ پێداگری بۆ دیموكراسی ده‌كات و به‌ داواكاری نوێوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری بێنێته‌ ئاراوه‌ تێده‌كۆشێت و له‌ گه‌ڕاندایه‌ به‌دوای ناسنامه‌وه‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش تێكۆشانی كرێكارانه‌ كه‌ تێكۆشانی سه‌ندیكایی ده‌كه‌ن. قاترجی ئوغڵو وتی، " ئه‌وه‌ی دووه‌م گۆڕه‌پانێكی زۆر لاوازی تێكۆشان بوو، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی خراپی به‌ڕێوه‌بردنی ئابوری تابلۆیه‌كی به‌و جۆره‌ هاته‌ ئاراوه‌. به‌رای من ئه‌و ئه‌ركه‌ یارمه‌تیه‌كی گرنگ ده‌داته‌ دیموكراسی له‌ توركیا".

قاترجی ئوغڵو له‌ درێژه‌دا وتی، "داینه‌مۆی كورد هه‌موو كات په‌ره‌ به‌ داواكارییه‌كانی خۆی ده‌دات، هه‌رچه‌نده‌ گوشاری قورسیشی بكرێته‌ سه‌ر ده‌ستبه‌رداری داواكارییه‌كانی خۆی نابێت. به‌رخودانی داینه‌مۆ و بزوێنه‌ره‌كانی دیكه‌ی كرێكاران پێشتر باشتر بوو. به‌ تایبه‌تی دوای یاساكانی پاش هه‌شتاكان ده‌رچوون كاری سه‌ندیكایی ئاسته‌نگ كرا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ تێكۆشانی چینی كرێكار هێنده‌ی پێویست نه‌هاته‌ ئاراوه‌. ره‌نگه‌ هه‌ده‌په‌ به‌و جۆره‌ نیشان بدات كه‌ زیاتر له‌ سه‌ر سیاسه‌تی ناسنامه‌ ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام زۆر له‌سه‌ر تێكۆشانی چینایه‌تی راوه‌سته‌ ناكات. به‌ڵام ئێمه‌ به‌وه‌ده‌زانین، تێكۆشانی ناسنامه‌یی و چینایه‌تی له‌ بنه‌ڕه‌تدا پارچه‌یه‌كی یه‌ك تێكۆشانن".

قاترجی ئوغڵو سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی توركیا له‌ سه‌رده‌می ئاكه‌په‌ و وتی، "ئاكه‌په‌ جێگه‌ی ده‌وڵه‌تی گرتوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مماندایه‌ ده‌وڵه‌تی حزبییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش گۆڕینی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ ده‌كرێت كه‌ زۆر كاتی پێویست بێت. پێویسته‌ مرۆڤ نه‌كه‌وێته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه‌ كه‌ بڵێت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بێینه‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ئێمه‌ هه‌ندێك چاكسازی ده‌كه‌ین، ئابوری و سیاسه‌ت راست ده‌كه‌ینه‌وه‌. ئه‌و زیانانه‌ی گه‌یاندویانه‌ زۆر جدیی و قوڵن. پێویسته‌ توركیا سه‌ر له‌نوێ بونیاتبنرێته‌وه‌، به‌ ریفۆرم و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سیستمی په‌رله‌مانتار ئه‌وه‌ ناكرێت".

له‌ كۆتاییدا په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ قاترجی ئوغڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌ستی له‌ سیاسه‌ته‌كانی شه‌ڕ هه‌ڵنه‌گرتووه‌، سیاسه‌تی شه‌ڕ و ئاڵوزی به‌رده‌وامه‌ و قه‌یرانی هه‌نوكه‌یی ئابوریش ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی شه‌ڕه‌.

هـ . ب