پەیوەست بە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، کۆن-مەد بانگەوازی لە کوردستانیانی ئەڵمانیا کرد

کۆنفیدارسیۆنی جڤاکی کوردستانیان لە ئەڵمانیا (کۆن-مەد) بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، بۆ ڕێپێوانەکەی سبەینێ بانگەوازی بەشداری کرد و کاتژمێری دەرچوونی پاسەکانی بڵاوکردەوە.

کۆن-مەد بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو، تیشکی خستەسەر ئەو دوو کۆمەڵکوژییەی دە ساڵ لەنێوانیاندا هەبوو. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە بیرخراوەتەوە کە ئەڤین گۆیی و عەبدولڕەحمان کیزیل و میر پەروەر لە کۆمەڵکوژی دووەمی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ شەهیدبوون.

ئاماژە بەوە کراوە هەردوو کۆمەڵکوژییەکە بۆ ڕای گشتی ڕوون نەکراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە، دەوڵەتی تورک و ئەڵمانیا و فەرەنسا بەرپرسیارن لەم کۆمەڵکوژییانە.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، دەوڵەتی تورک لە کۆمەڵکوژی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣ ی پاریسدا، ساکینە جانسیز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆگانی تیرۆر کردووە، دووپاتکراوەتەوە ئەم ڕووداوە لەلایەن بەرپرسانی فەرەنساوە ڕۆشن نەکراوەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشان کراوە، بێجگە لە ئەندامانی میت ئەرهان پەک چەتین و ئایدن گونەل کە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن پەکەکەوە گیراون و ئیعترافیان لەسەر کۆمەڵکوژییەکە کردوووە، فەرەنسا و ئەڵمانیا هیچ لێپرسینەوەیەکی قووڵیان نەکردووە. هەروەها ڕاگەیاندراوە، ئەڵمانیا پەیوەندی نێوان کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و تاوانبارانی میتی تورکی لە ئەڵمانیا نەبینیوە و ئەوکاتەی باسەکە دێتە سەر کورد یاسا کار ناکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ٦ شەهیدەکەی پاریس یادکرانەوە و بانگەواز لە هەموو ئەڵمانییەکان کرا بەشداری ڕێپێوانە مەزنەکەی ٦ ی کانوونی دووەمی پاریس بکەن و کۆمەڵکوژییەکە شەرمەزار بکەن. لەکۆتاییدا دووپاتکراوەتەوە، تا ڕۆشنکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس، بە پێداگرییەوە تێکۆشان دەکەن.