پڕۆژەی نەخشەڕێگا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ
پڕۆژەی نەخشەڕێگا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە ئەرژەنتین دەستیپێکرد، بەو پڕۆژەوە داوای ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و زیاتر له ١٠هەزار زیندانی سیاسی کورد دەکرێت.
پڕۆژەی نەخشەڕێگا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە ئەرژەنتین دەستیپێکرد، بەو پڕۆژەوە داوای ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و زیاتر له ١٠هەزار زیندانی سیاسی کورد دەکرێت.
لە پەرلەمانی ئەرژەنتین، ڕاوێژکاری ڤانینی بیاسی، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی بەرەی چەپ، جولیانا کابرێرا، سەبارەت بە"پڕۆژەی نەخشەڕێگا" پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە. لەم پەیامەدا باسی لە پرۆژەیەک کرد که له لایەن سەرجەم نوێنەرانی چەپەوە واژۆ کراوه.
مەبەست لەم پڕۆژەیە داوای ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و ١٠هەزار زیندانی سیاسی کوردە.
پەیامی جولیانا کابرێرا سەبارەت بە "پرۆژەی نەخشەڕێگا" بەم شێوەیەیە:
بەڕێز سەرۆککۆمار:
عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩بەدیل گیراوە و لەو کاتەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی لە بارودۆخێکی سەختی گۆشەگیریدا، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە. ئەم دۆخە ناڕەوایە کە دەیان ساڵە بەردەوامە، لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە بە ڕاگرتنی پەیوەندی و دیدارەکانی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی خراپتر بووە.
تورکیە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە حوکمڕانی دەکرێت، ڕژێمێکی دەسەڵاتدار و پاوانخوازی بە خۆ گرتووە. هەواڵی نیگەران کەر و گوماناوی لەبارەی ئەشکەنجەدان و کوشتن لە ئارادایە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیاتر لە ١٠ هەزار زیندانی سیاسی لەو وڵاتەدا بوونی هەیە. دەوڵەتی تورک ڕۆژانە کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) و کوردستانی عێراق بوردومان دەکات. رێبەری پەکەکەی گۆشەگیر کردووە و دوور لە هەر جۆرە ئاسایشێکی دیموکراتیک دەهێڵرێتەوە.
لە ساڵی ڕابردووەوە بۆ هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییەی کە بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە هەڵمەتی واژۆکردن بەڕێوە چوو، لەلایەن ڕێکخراوە سیاسیەکان، سەندیکا و ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە پێشەنگایەتیەک بۆ بەهێز کردنی کاریگەری نێونەتەوەیی هەڵمەتێک دەستی پێکرد. ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە هەموو جیهاندا بەشدارییان لە هەڵمەتەکە کرد.
هەروەها ئەم واژۆیانە بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا دەنێردرێن. لە هەمان کاتدا بۆ پشتیوانی لە مافە سەرەتایی و دیموکراتیک و بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کۆبوونەوەی بەرفراوانی ڕۆژنامەوانی و ڕێپێوان بەڕێوەچوو. بۆیە بۆ بەهێزکردنی داواکاری مافی دیموکراتیک، داوا لە هەموو پەرلەمانتاران دەکەین پشتیوانی ئەم نەخشەڕێگایە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و ١٠ هەزار زیندانی سیاسی بکەن."