ئەنجومەنی گەلان: ئاڵای سوریا لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا هەڵدەدرێت

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ڕایگەیاند لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاڵای سوریا هەڵدەدرێت.

ئەنجومەنی گەلانی دیموکراتیکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەیی 'هەڵدانی ئاڵای سوریا' ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردوە و پیرۆزبایی لە گەلانی سوریا کرد بە بۆنەی کۆتایهاتن بە ڕژێمی ئەسەد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە بەهۆیی هاتنەئارایی گۆڕانکارییە نوێیەکانەوە، کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش بەشێکە لێی، ئەنجومەنی گەلانی دیموکراتیک بڕیاری داوە لە تەواویی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا ئاڵایی سوریا هەڵبدرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەنجومەنی گەلان پابەند بوونی خۆیی بە نوێنەرایەتیکردنی تەواویی پێکهاتەکانەوە دووپاتکردووەتەوە و هاتووە: "ئەنجومەنی گەلانی دیموکرات پابەندبوونی خۆی بە نوێنەرایەتیکردنی داخوازییەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا و کارکردن بۆ پتەوکردنی یەکێتی نیشتمانی لە چوارچێوەی سوریای دیموکراتیکدا لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی نێوان هەموو پێکهاتەکان دووپات دەکاتەوە."