عێراق هوشداری دایە تورکیا: هێزەکانت لە عێراق بکشێنەرەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایی بەرانبەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک پیشاندا و رایگەیاند کە پێویستە تورکیا بە فەرمی هێزەکانی لەنێو خاکی عێراق بکشێنێتەوە و ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ وەزارەتەکە، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بانگهشێت کردووە و لەبارەی هێرشی ١٧ی نیسان بۆ سەر هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، داوای رۆنکردنەوەی لێکردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " ئەمڕۆ سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنی فراوانی دەوڵەتی تورک کە چەند رۆژە دەستیپێکردووە، بانگهشێتی عەلی رەزا گونەر باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کراوە. داوای رۆنکردنەوەی لێکراوە لەبەرانبەر هێرشەکە. لە هەمانکاتدا نامەیەکی توندی ئاڕاستە کراوە. داوای لێکراوە کە کۆتایی بە هێرشەکە بهێنرێت و پێشێلکاریەکان رەت کراوەتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی داوای لە تورکیا کردووە کە هەموو هێزە سەربازیەکانی لەنێو خاکی عێراق بکێشێتەوە و رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا باسی ئەوەشکراوە، " مافی عێراقە کە ڕێوشوێنی پێویستە بە پێی بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتیەکان لەبەرانبەر ئەم کارە دوژمنکارانە و یەکلایەنەی تورکیا بگرێتەبەر کە هیچ هەماهەنگیەکی لەگەڵ حکومەتی عێراق نەکردووە."

ف.ق