ساغڵام: پێنووسەکانمان لەو دەستبەسەرکردن و هەڕەشانە بەهێزترە!

ڕۆژنامەنووس مەحسوون ساغڵام کە لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕینەکان دژی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین بە ئەشکەنجەدان دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن پۆلیسەوە هەڕەشەی کەشتنی لێکرابوو، وتی: "پێنووسەکانمان لەدەستبەسەرکردن و هەڕەشەکانتان بەهێزترە".

لە بەرامبەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، هاوپێشەکانیان کاردانەوەی گەورەیان نیشان دا. لە ئەستەنبوڵ لە کاتی ئیدانەکردنی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، ٧ ڕۆژنامەنووس لەلایەن پۆلیسەوە بە ئەشکەنجە دەستبەسەر کران. یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە مەحسوون ساغڵامە. ساغڵام کە شەوێک دەستبەسەر کرابوو، بە مەرج لە لایەن دادوەرەوە ئازادکرا، لەگەڵ ئاژانسی فوراتدا قسەی کرد.

'هەر لە سەرەتای گردبوونەوەکەوە هەوڵی دەستبەسەرکردنیان دا'

خەباتکارانی ڕۆژنامەی یەنی یاشام، مەحسوون ساغڵام، لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد؛ وەک ڕۆژنامەنووسێک بۆ ئیدانەکردنی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، لە گۆڕەپانی شیشانەیدا گردبوونەوە. هەر لە سەرەتای گردبوونەوەکەدا پۆلیس بە کۆکردنەوەی ناسنامەکان هەوڵی دەستبەسەرکردنیدا، پێش چالاکییەکە گۆڕەپانەکە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرابوو. هەر لەسەرەتاوە ناسنامەکانیان لێ وەرگرتن و لە ڕاستیدا بە ئەشکەنجە دەستبەسەریان کردین.

'پۆلیس بە خستنە ناو کیسەی زەرد هەڕەشەمان لێدەکات'

ساغڵام ئاماژەی بەوەکرد کە ڕووداوی لەو شێوە پێشتر زۆر ڕوویانداوە، بەڵام ئەمجارەیان زۆر جیاواز بوو و وتی: "پۆلیس بە توندوتێژییەوە هێرشی کردە سەرمان و ڕق و توڕەیی خۆیان بەسەر ئێمەدا دەربڕی. بۆ چەند کاتژمێر لە ئۆتۆمبێلەکانی دەستبەسەرکردندا بە دەستبەندەوە ڕاگیراین. کیسەی زەرد، کیسەی تەرمی مردووانە بە خستنە ناو کیسەی زەردەوە هەڕەشەیان لێکردین. بێگومان ئێمە لە بەرامبەر ئەمە کردەوەیە کاردانەوەی خۆمان دەربڕی و ڕامانگەیاند دژی ئەم کردەوەیە سکاڵا تۆمار دەکەین و هەموو شتێک ڕوون دەکەینەوە.

'هەوڵدەدەن بە کوشتن کۆتایی بە هەموو شتێک بهێن'

ساغڵام لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە کە هەڕەشەی کیسەی زەرد وەک ڕێبازێکی شەڕی دەروونی کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا بەکارهێنراوە بەکار دێنن و وتی: "تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئەو هەڕەشانە بە ئاشکرا دەکرێن. کیسەی زەرد بە واتای هەڕەشەی کوشتنە. لەم دواییانەدا زیاتر کیسەی زەرد بەکاردەهێنن و هەوڵدەدەن ئەمە وەک ناونیشانێکی لێبکەن بۆ ترساندنی مرۆڤەکان. بەم شێوەیە هەوڵی کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤەکان دەدەن.ئەم هەرەشەیە دژی هەموو کۆمەڵگا بەکار دێنن. ئامانجیان ترساندن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگایە، هەوڵدەدەن ڕاستیەکان بشارنەوە. کاتێک ڕۆژنامەنووسانی شەڕ ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن، هەموو کردەوە گڵاوەکانیان ئاشکرا دەبێت، بۆیە دژی ئەمە دەوەستنەوە وەک هاوپیشەکانمان ڕۆژنامەنووسان جیهان و نازم دەکرێنە ئامانج. بۆیە پێویستە ئەوە بزانرێت کە ئەم کردەوە قیزەونە بە پێ هەموو یاسا جیهانیەکان تاوانی شەڕە."