شاندی ژنانی نێونەتەوەیی: پێویستە دەمودەست عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت
ئەندامانی شاندی ژنانی نێونەتەوەیی کە لە ئامەد و ئیستەنبوڵ کۆبوونەوەیان کرد، ڕایانگەیاند، پێویستە دەمودەست ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.
ئەندامانی شاندی ژنانی نێونەتەوەیی کە لە ئامەد و ئیستەنبوڵ کۆبوونەوەیان کرد، ڕایانگەیاند، پێویستە دەمودەست ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.
شاندی ژنانی نێونەتەوەیی کە لە ٧ یاساناس و پەرلەمانتار و ئیکۆلۆژیست و نوێنەری رێکخراوی مەدەنی وڵاتانی جودای ئەوروپا پێکدێت، پاش کۆبوونەوەکانیان لە ئیستەنبوڵ و ئامەد، دەربارەی گۆشەگیری و گرتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەست.
پاشان یەک لە ئەندامەکانی شاندەکە کە خەڵکی سکۆتلەندایە، ئیڤا شۆنڤێلد ڕاپۆرتی شاندەکەی سەبارەت بە سەردانەکە خوێندەوە. ڕایگەیاند وەک شاندێکی کۆمەڵگەی مەدەنی سەردانیان کردووە، لە هەفتەی مافەکانی مرۆڤدا سەردانیان کردووە و گوێیان لە کێشەکانی کورد و کێشەی کەمینەکان گرتووە. سەبارەت بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گوتی: "وەک شاندەکە بابەتێکی گرنگمان بەرچاو کەوت. گرتنی ڕێبەری دیموکراتیکی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیری سەر وی و هەموو زیندانیانی سیاسی. لە کۆبوونەوەکاندا چەند ئەزموونێکمان دەسکەوت. بەپێی زانیارییەکان، لە تورکیا مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد بەشێوەی سیستەماتیک پێشێل دەکرێن. پێش هەمووی، مافی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تر پێشێل دەکرێت. پەیماننامە نێونەتەوەییەکان دەڵێن: "نابێت ئەشکەنجە و کاری خراپ بەرامبەر بە کەس بکرێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد گۆشەگیری ئیمراڵی لە هەموو زیندانەکانی تر بڵاوبۆتەوە، ڕێگە نادرێت زیندانییەکان چاویان بەیەک بکەوێت، بەدەگمەن نەبێت. بەپێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان گۆشەگیری درێژخایەن ئەشکەنجەیە، ئەمەش لە تورکیا ڕوودەدات.
ئیڤا پشتگیری بۆ زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن دەربڕی، ڕایگەیاند سەبارەت بە ئەوان و بنەماڵەکانیان نیگەرانین، گوتی: "وەک شاندەکە پشتگیری لە داخوازیی زیندانییەکان دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان. ئێمە بەڕوونی بینیمان، سیستەمی داد لە تورکیا وەک ڕێبازێکی یاسایی بۆ فشاکردنە سەر کورد بەکاردێت. لە باکور بینیمان لە شوێنی ئەو سەرۆک شارەوانییانەی بەشێوەیەکی دیموکراتیک هەڵبژێردراون، ئەندامی ئاکەپە دانراون".
لەکۆتاییدا، ئیڤا شۆنڤێلد، دەربارەی داخوازییەکانی شاندەکە گوتی:
"پێویستە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ واژۆ بکرێت.
دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر فشاری سەر گەلی کورد و کەمینەکان بوەستنەوە.
هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا دەستوبرد بوەستێنرێن و داگیرکەران لە شوێنە داگیرکراوەکان بکشێنەوە.
گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەمودەست کۆتایی بێت، وەک ڕێبەرێکی دیموکراتیکی گەلی کورد دان بە ڕۆڵی وی بنرێت و دەمودەست لەو ڕەوشە ئازاد بکرێت.
گۆشەگیری هەڵبگیرێت، دەمودەست زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن.
بانگەواز لە دەوڵەتەکانی خۆمان و هەموو دەوڵەتان دەکەین، پەکەکە لە لیستی «ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان» دەربکەن و بۆ چارەسەری دیموکراتیکی گەلی کورد کاربکەن".