چالاکی دانیشتن لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. لە چالاکییەکەدا شەهیدانی پاریس یادکرانەوە، لە گۆڕەپانی یادەکەدا، وێنەی ساکینە جانسیز و فیدان دۆگان و لەیلا شایلەمەز و ئەمینە کارا و عەبدولرەحمان کیزیل و میر پەروەر دانران.
هەروەها خولەکێک ڕێزگرتن پیشاندرا بۆ ئەو ٤ گەریلایەی هەپەگە لە ٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە زاپ و خواکورک لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی گەریلاکانی ئازادی کوردستاندا شەهیدبوون.
بەناوی کۆمیتەی چالاکییەوە، قاسم ئەریک پشتگیری بۆ چالاکی زیندانییە مانگرتووەکان دەربڕی و گوتی: "تا ئازادیی جەستەیی ڕێبەرمان، چالاکییەکەمان بەردەوامە".
لەسەر ناوی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کوردی ژنێڤ، ئیبراهیم یوکسەل یادی شەهیدانی پاریسی کردەوە و سڵاوی لە چالاکی مانگرتن لە خواردنی زیندانیان کرد، گوتی: "ئەو ئەشکەنجەی گۆشەگیرییەی ٢٤ ساڵە لەسەر ڕێبەرمان بەردەوامە، لە ٣٤ مانگی ڕابردوو گۆڕاوە بۆ ئەشکەنجەیەکی قبووڵ نەکراو. نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کە بانگەشەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، تەنها بەرژەوەندیی دەوڵەتەکان دەپارێزن".
یوکسەل ڕایگەیاند، دامەزراوەکان لە بەرامبەر گەلی کورد و کوردستان و پێشەنگانی گەلی کورد چاویان دادەخەن و داوای ٥٠ ملیۆن کورد پشتگوێ دەخەن. هەروەها ڕایگەیاند کۆمیتەی ڕێگرتن لە ئەشکەنجە (سی پی تی) ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات، دووپاتی کردەوە خاوەندارێتی لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەکەن و هەڵمەتەکە دەگەیەنن بە سەرکەوتن.
پاشان کوردستانیان درێژەیان دا بە چالاکی دانیشتن.