'شەقامەکانی پاریس دەهەژێنین، لێپێچینەوە لە کۆمەڵکوژیەکان دەکەین'

تەژەکە-فە و جەدەکە-فە سەرنجیان بۆ سەر کۆمەڵکوژیەکانی پاریس راکێشا و رایانگەیاند، " داو لە گەلی کورد و دۆستانمان بەتایبەتی ژنان دەکەین کە شەشی کانونی دووەم شەقامەکانی پاریس بهەژێنن".

بزوتنەوەی ژنانی کورد لە فەرەنسا (تەژەکە-فە) و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (جەدەکە-فە) سەبارەت بە کۆمەڵکوژیەکانی پاریس راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و بۆ بەشداری لە چالاکی ناوەندی بانگەوازیان راگەیاند:

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " ٣ ژنی شۆڕشگێری کورد سەکینە جانسز (سارا)، فیدان دۆغان (رۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەلایەن هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە مەهەپە و لەسەر دەستی هەواڵگری تورک (میت)ەوە تیرۆرکران.

لە یانزەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دوەمی پاریس یادی هاوڕێیانمان سارا، رۆژبین و رۆناهی بە پێزانین و خۆشەویستیەوە بەرزڕادەگرین و بەڕێزەوە بەژنی خۆمان لە بەردەم یادی ئەوان دادەنەوێنین و بەڵێن دوبارە دەکەینەوە کە شۆڕشی ژنان بگەیەنینە ئامانج، وەک ئەوەی ئاوات و ئامانجی ئەو شەهیدانە بوو.

ساڵی ٢٠٢٢ لە سەروبەندی دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکە بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ ئەڤین گۆیی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە فەرەنسا بەنیازبوون بە دروشمی 'نهێنی دەوڵەت لاببەن! کۆتایی بە ١٠ ساڵ بێ سزا هێستنەوە بهێنن' چالاکی ئەنجام بدەن، بەڵام لە کاتی ئامادەکارییەکی بەو جۆرەدا کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس روویدا و هەڤاڵانمان ئەڤین گۆیی، عەبدولرەحمان کزڵ و میر پەروەر لە پاریس تیرۆر کران.

سەرباری ئەوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەم تێپەڕ بووە، هێشتاش کۆت و بەندی ' نهێنی دەوڵەت' لەسەر دۆسیەکە هەڵنەگیراوە. دەوڵەتی فەرەنسا جیا لەوەی، کە دەوڵەتی تورکی فاشیستی بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژیەوە دادگایی نەکرد، هەروەها بوار و زەمینەی بۆ کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس رەخساند. کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس کە لە ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەنجامدرا، درێژکراوەی بەرژەوەندی و سیاسەتی چەپەڵی حکومەتی فەرەنسا و هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەیە. ئەوانەی فەرمانیان بە کۆمەڵکوژیەکە کردووە و بکوژن، ئاشکران، ئەوەی ناڕوون و نادیارە، دادپەروەری دەوڵەتی فەرەنسایە بەرامبەر بە گەلی کورد. ئەگەر دەوڵەتی تورک نایەوێت ببێتە هاوبەسی ئەو کۆمەڵکوژیانە، دەبێت بڕیاری بە نهێنی هێشتنەوە لە سەر دۆسیەکان هەڵبگرێت، کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس وەک کۆمەڵکوژی سیاسی بناسێنێت، نەک وەک رووداو و تاوانێکی ئاسایی".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەک رێبوارانی رێگەی هاوڕێیانمان کە ٩ی کانونی دوەم و ٢٣ی کانونی یەکەم شەهیدبوون، لە دژی هێزە پیلانگێڕەکان کە هێرش دەکەنە سەر ژنان، گەلان و بەها مرۆڤایەتیەکان ئێمە پێداگری لەسەر گەیشتن بە ئازادی دەکەین. پێداگری لەسەر ئازادیی ژن، پێداگرییە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کۆدەکانی سیستمی پیاوسالار. هەربۆیە شۆڕشی ژنان دەبێتە تۆڵەسەندنەوەی ئێمە.

رۆژ رۆژی ئەوەیە کە لێپێچینەوە لە رەگەزپەرستان، شەڕخوازان، نەژادپەرستان و نادادپەروەری بکرێت. دادپەروەری، ئازادی و دیموکراسی بە بەرخودان دێتەدی. لەبەر ئەوە داوا لەگەلەکەمان و دۆستانمان بە تایبەتی ژنان دەکەین کە شەشی کانونی دووەم شەقامەکانی پاریس بهەژێنن و پڕی بکەنەوە".

سەبارەت بە شوێن و کاتی کۆبوونەوە بۆ چالاکیەکە ئەم زانیارییە راگەیەندراوە:

٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤

کاتژمێر: ١٠:٠٠

شوێن: Gare du Nord

هـ . ب