سەندیكای نەتەوەیی پەروەردەی بەریتانیا داوای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەكات

سەندیكای نەتەوەیی پەروەردە"NEU" پشتیوانی خۆی لەكەمپینی ئازادی بۆ ئۆجەلان راگەیاند و داوای ئازادی ئۆجەلان دەكات.

كاروانی"ئازادی بۆ ئۆجەلان"لەكوردستان و بەهەموو جیهاندا بڵاو بوویەوە. سەندیكای نەتەوەیی پەروەردەی بەریتانیا" National Education Union" كە یەكێكە لەگەورەترین و گرنگترین سەندیكا و یەكێتیەكان لەسەر ئاستی بەریتانیا، پشتیوانی خۆی لەكەمپینی ئازادی بۆ ئۆجەلان راگەیاند و لەكۆنگرەی ئەمساڵی خۆیدا بەداوكاری بۆ ئازادی ئۆجەلان كۆتایی بەكۆنگرەكەی هێنا.

بەهەزاران كەس لەنوێنەرانی رەنجدەران و كارمەندانی پەروەردە لەكۆنگرەی دوو رۆژ رابردوو سەندیكای نەتەوەیی پەروەردەی بەریتانیا بەشداریان كرد و لەكاتێكدا وێنەكانی رێبەری گەلی كورد، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان لەدەستدا بوو داوای ئازادی ئۆجەلانیان كرد.

لەم كۆنگرەیەدا، ئەنجوومەنەكە داوای لەو هەزاران نوێنەرەی خۆی كرد كە تا بەیەكەوە بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان تێكۆشان بكەن و راپەڕن. لەهۆڵی كۆنگرەكەدا كە ١٧٠٠ نوێنەر لەیەككاتدا بەهەڵگرتنی وێنەكانی رێبەری گەلی كورد عەبدوڵڵا ئۆجالان كە لەسەری نوسرابوو"ئازادی بۆ ئۆجالان"هەڵكردبوو، داوای ئازادی رێبەری گەلی كوردیان كرد.

كۆنگرە لەشاری برنمیوس لەباشوری بەریتانیا بەرێوە چوو. نوێنەرانی سەندیكای نەتەوەیی پەروەردەی بەریتانیا لەهەموو لایەكی ئەو وڵاتەوە لەكۆنگرەكەدا بەیەكەوە كۆبوونەوە و ژمارەیەك لەبەرێوەبەرانی سەندیكاكان و یەكێتیە جیاوازەكان، نوێنەرانی پەرلەمان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەو كۆنگرەیەدا بەشداریان كردبوو.

سەندیكای نەتەوەیی پەروەردەی بەریتانیا نزیكەی ٥٠٠ هەزار ئەندامی لەسەرئاستی بەریتانیا هەیە و یەكێكە لەگەورەترین و گرنگترین دامەزراوەكانی مامۆستایان و پەروەردە لەبەریتانیا.

ف.ق