کەمپینی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد' کە لە ٧٤ ناوچەی جیاجیای جیهان لە ١٠ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد، تا دێت زیاتر گەورە دەبێت. د. ویکی سێنتاس لە پەیامێکدا رایگەیاند، هێشتنەوەی پەکەکە لە 'لیستی تیرۆر' بەربەستە لەبەردەم چارەسەری و ئەوەی خستەڕوو، کە بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگە هەڵبگیێت دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بکەوێتە خۆی و هەوڵەکانی بخاتەگەڕ.
مامۆستای کۆلێژی داد و مافی یو ئێن ئێس دەبڵیوی سیدنی د. ویکی سێنتاس لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دژی یاسایە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لە سەر کورد تائێستا بەردەوامن. وتیشی، لە زۆر چالاکی شەرمەزارکردندا کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەنجامدران نیشانیاندا کە عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری و کۆتاییهێنان بە شەڕی دەیان ساڵە چەندە گرنگە.
ئەوەشی خستەڕوو: "بەڕێز ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە ناو هەلومەرجی نائاسایی گۆشەگیری دژوار و نایاساییدا راگیراوە. عەبدوڵا ئۆجالان سێ ساڵی رابردوو بە تەواوەتی و بە رەهایی گۆشەگیر کراوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارێزەران و جیهانی دەرەوە قەدەغەکراون. ئەوە پێشێلکردنی یاساکانی تورکیا و یاسا نێونەتەوەییەکانە. ئەو پێشێلکارییانە دووبارە دەبنەوە و سەرباری ئەوەی لەلایەن کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە ئەو پێشێلکاریانەی دەستنیشانکراون، بەڵام هیچ هەنگاوێک لەبارەیانەوە هەڵنەگیراوە.
وتیشی: "منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو بانگەوازەی بۆ رێگەدان بە دیداری نێوان بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەی خراوەتەڕوو. دەبێت لە کۆتاییدا بەمەبەستی چارەسەری پرسی دەیان ساڵەی کورد لە تورکیا و دۆزینەی چارەسەرێکی سیاسی دیموکراتیک، لەناو هەلومەرجێک کە بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت، ئازاد بکرێت. مێژووی ئەوەی پێنیشانداوین کە کۆتاییهێنان بە شەڕ تەنیا بە بەشداربوونی راستەقینەی هەموو لایەنەکان دەتوانێت بێتەدی. بەڕێز ئۆجالان لە دەستپێکردنی رۆسەی ئاشتی چەند ساڵی رابردوو رۆڵێکی گرنگی گێڕا. درێژەدان بە زیندانیکردنی ئەو لەمپەر و بەربەستێکی سەرەکی بەردەم دەرفەتێکی نوێی پرۆسەی ئاشتییە".
د. ویکی سێنتاس ئاماژەی بە کاریگەری ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر کورد و هەروەها پارادیگماکەی لە پێناو ئافراندنی دیموکراسی کرد و رایگەیاند، "بیرۆکەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان لە باشوور و رۆژهەڵاتی تورکیا تا رۆژئاوای کوردستان لە سوریا، لە کوردستان رێکخراوە و لایەنگرانی ژینگە و نەوەیەکی نوێی فێمینیستەکانی هێناوەتە کایەوە. ئەو ئەندێشانەی بەڕێز ئۆجالان پشتیوانیان دەکات، دوای ئەوەی کورد و پەکەکە رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە لەناوبردنی داعشدا هەبوو، بۆ ماوەیەکی زۆرە لە ناوچەکە پەرەیان پێدەدرێت و بەردەوامن".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا د. ویکی سێنتاس ئەوەی خستەڕوو، کە جگە لە پێشێلکارییەکانی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان هەروەها" کوشتنی بێ دادگایی، ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە دژی گەلی کورد لە تورکیا بوونی هەیە و بە هەزاران کورد تەنیا بە هۆی قسەکانیان، چالاکیەکان بۆ داکۆکیکردن لە ناسنامەیان بە تیرۆر تۆمەتبار دەکرێن. ئەوەس بۆ هێستنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی 'تیرۆر' دەگەڕێتەوە. ئەمەش لەمپەرێکە لەبەردەم چارسەرکردن و کۆتاییهێنان بە شەڕ. بۆ راگرتنی ئەوە دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەوڵەکانی بخاتەگەڕ".
هـ. ب