تەڤگەری ئازادی هەڵوێستی خۆی بۆ دەنگدانەکان بە لیستە کوردییەکان ئاشکرا دەکات

دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ‎هەڵوێستی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تایبەت لە پارێزگای کەرکووک ئاشکرا کرد.

 دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێمان وایە لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، لیستێکە دەرفەتی پڕۆژەی هەموومانی تێدایە لە داهاتوودا، داواکارین دەنگ بەم لیستە بدەن.

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین کە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی دیمووکراتییدا خزمەت بە ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان بکات لە کەرکووک، بۆیە داوا لە ئەندامان و دۆستانمان لە کەرکووک دەکەین دەنگ بدەن بە لیستی هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیردەمانە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەڵبژاردن کە وەک پڕۆسەیەکی دیمووکراسی ناودەهێنرێت و لە ڕێگەیەوە تاکەکانی کۆمەڵگە بەشدار دەبن لەگۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن و ئیدارەی وڵات و شار، بەڵام بەداخەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو پڕۆسەیە وەک پێویست خزمەتی بە کایەی دیموکراسی نەگەیاندووە، هەرئەمەش وایکردووە ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی تێبینی زۆرمان لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسەیە هەبێت.

دەشڵێت: گەلانی کەرکوک لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەو پڕۆسەیە بێبەشن و هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوە نەچووە، ئەویش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو کێشمەکێشە سیاسییە ناوخۆی و هەرێمیانەی لەسەر کەرکووک چەندە قووڵ و فراوانن، دوای هەژدە ساڵ ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە تاوەکوو خەڵکی کەرکووک لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بتوانن نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێرن.

ڕاشیگەیاندووە، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەڕەچاو کردنی دۆخی تایبەتی کەرکوک هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین کە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی دیمووکراتییدا خزمەت بە ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان بکات لە کەرکووکدا، بۆ ئەوەش زۆرترین هەوڵ و تێکۆشانمان کرد، کە هێزە کوردییەکان بە یەک لیست و پڕۆژە بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن، بەداخەوە دەستێوەردان و پرۆژەی هێزە هەرێمییەکان بە یارمەتی هێزی بەکرێگیراوی ناوخۆیی ڕێگر بوون لەوەی بەرژەوەندی کەرکووک و کەرکوکییەکان لە پرۆژەیەکدا خزمەت بە گەلان وپێکهاتەکانی دیکەی کەرکووکیش بکات، بە پێچەوانەوە لە ڕێگەی پێشخستنی درووشمی نەتەوەپەرستی و کارکردن لەسەر قوڵ کردنەوەی ناکۆکی نێوان ئایین و مەزهەب و پێکهاتە جیاوازەکان، هەوڵیاندا پڕۆسەکە پەک بخەن و نەتەوە و ئایین و مەزهەبە جیاجیاکانی کەرکووک بکەنە دووژمنی یەکتر، هەر بۆیە لەسەرەتاوە دژ بەگەلی کورد پاڵپشتی تعریب و تەتریک و گۆڕینی دیمۆگرافیابوون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕوانگەو پارادایمی ئێمەدا، کە ئاشتی و پێکەوە ژیان دروشمە سەرەکییەکەیەتی، کەرکووک بەشێکە لە قووڵایی ستراتیژیەت و سیاسەت و ڕێکخستنی ئێمە، هەر لەو چوارچێوەیەدا و بە خوێندنەوەی ئێمە بۆ ڕەوشی ئێستای کەرکووک، ئەم شارە لەژێر هەڕەشەیەکی جدیدایە، هێڵێک کە فاشیزمی نەتەوەیی و ئایینی بە نوێنەرایەتی فاشیزمی عەرەبی کە بەشێک لە عەرەبە سونەکان پێشەنگایەتی دەکەن، وە فاشیزمی تورکمانی کە بەرەی تورکمانی پێشەنگایەتی دەکات، وە فاشیزمی کوردی کە پارتی دیموکرات پێشەنگایەتی دەکات ئەجێندا و بەرنامە داڕێژەریشی تورکیایە، دەیانەوێت شاری کەرکووک بەرەو هەڵوەشانەوەیەکی مێژوویی کولتووری سیاسی هونەری و لێک ترازانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ببەن کە هەزاران ساڵە نەتەوەکانی کەرکووک لەپێناو پێکەوە ژیاندا کردوویانەتە بەشێک لە پیرۆزی و ئەخلاقی کۆمەڵگەی کەرکووک تاوەکوو پێکەوە بەئاشتیانە بژین.

باسیان لەوەشکردووە، هەر لەسەرەتای هەڵبژاردنەوە بە پەرتەوازە کردنی نێوماڵی کورد دەستیان پێکرد کە پارتی دیمووکراتی کوردستان کارەکتەری سەرەکی بوو بۆ پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد نەیان هێشت یەک لیستی درووست ببێت لەگەڵ ئەوەی یەک لیستی خواستی تەڤگەرو خەڵکی کەرکووکیش بوو، بۆیە لە ئێستادا گرنگە خەڵکی کەرکووک بۆئەوەی پیلانی چەپەڵی نەیارانیان سەرنەگرێت ئەو هەوڵانە شکست پێبهێنن کەدەیانویست نێوماڵی کورد پەرتەوازە بکەن، ئێمه وەک تەڤگەری ئازادی لەسەر و هەموو تێبینی و سەرنجەکانمان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و هێزە کوردییەکان، پێمان وایە بەرژەوەندییەکانی کەرکوک لە هەموو بیرکردنەوە بچوک و حیزبییەکان گەورەترە، بۆیە بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە بەرامبەر بە کەرکوک واجبی خۆمان پێکبێنین و هەم دەنگ بدەین هەم بانگەوازی بۆ هەموو هاووڵاتیان کەرکوک بکەین کە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکەیان بکەن، چونکە ئەم هەڵبژاردنە دە بێتە دۆکۆمێنتێکی مێژووی بۆ کەرکوک و ڕێژەی نەتەوەکان دیاری دەکات بۆیە گرنگە تەواوی کورد لەکەرکوک بەشدار بێت و لە مەترسیەکانی پرۆژەی داگیرکاران لەکەرکوک هۆشیار بێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاند، ئێمە لە تەڤگەری ئازادی بە وردبونەوەمان لە کۆی لیستە کوردییەکان پێمان وایە لیستی هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە، کە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان پێکهاتووە، باشترین و گونجاوترین هەڵبژاردەیە کە دەنگی پێ بدەین، بێگومان ئەم لیستە دەرفەتی پڕۆژەی هەموومانی تێدایە لە داهاتوودا بۆ بەیەکەوە ژیانی دیموکراتیانەی گەلان و باوەڕیەکان کار بکەین و تاکە لیستە کە لەو چوارچێوەیەدا دەتوانێت خزمەت بە کەرکووک و کەرکووکییەکان بێ جیاوازی بکات، لە کۆتاییدا داوا لە ئەندامان و دۆستان و هەموو ئەو کەرکوکییە بەڕێزانە دەکەین کە گوێ لە ڕای ئێمە دەگرن دەنگی خۆیان بە لیستی هاوپەریمانی کەرکوک هێزوئیرادەمانە بدەن .