تولای حاتەم ئۆغۆللاری: پێویستە دەمودەست گۆشەگیری هەڵبگیرێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغۆللاری سڵاوی لە بەرخۆدانی مانگرتنی زیندانیان کرد و گوتی: "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە، پێویستە دەمودەست هەڵوەشێتەوە".

مەجلیسی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەیوەست بە ڕووداوە سیاسییەکان و ڕۆژەڤی هەڵبژاردنی لە ناوەندی پارتەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "تورکیا لە قۆناغێکی ئاڵۆزدایە، قەیرانی ئابوری و هەژاری گەیشتۆتە ئاستێکی بڵند. دژی گۆشەگیری بەڕێز ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد، مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکان بەردەوامە. لە دەرەوەش ژن و دایکان و ئاشتیخوازان لە ئێشکگری دادپەروەریدان. سڵاو لە ئێشکگرییەکە دەکەم. دووبارە دەڵێین، گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە و پێویستە دەمودەست هەڵوەشێتەوە.  

پاشان حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر هێرش و گرتن بۆ سەر چالاکوانان و ئەندامانی پارتەکان و بەتایبەت ڕۆژنامەوانان، ڕایگەیاند، پێنووسی نەریتی چاپەمەنی ئازادی ناشکێنرێت، بەرامبەر میدیای لایەنگر و ڕەگەزپەرست، دەبینە دەنگی چاپەمەنی ئازاد.

پاشان ئاماژەی کرد بە دادگایکردنی ژنە سیاسەتمەدارەکان لە دۆزی کۆبانێ و ڕایگەیاند، ئەم سیستەم و ڕژێمە پیاوسالارە دەیەوێت ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی دووربخاتەوە.

پاشان تیشکی خستەسەر هەڵبژاردنە هەرێمییەکان و ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ئیدارەیەکی دیموکراتیک دابمەزرێن،  دەیانەوێت ببنە ناوەندێک بۆ بەگژاچوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان. بۆیە بانگەوازی لە هەمووان کرد، بەتایبەت ژنان، ڕووبکەنە دەم پارتی و هاوکاربن.

حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی کرد بە زیادبوونی توندوتیژی لەسەر ژنان لە هەموو دەڤەرێکی تورکیا، ئەو دەمەی لە ٢٥ ی تشرینی دووەم بۆ بەگژاچوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان ڕژانە گۆڕەپانەکان، هەمدیسان ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەسەڵاتی پیاوسالار بوونەوە. هەڕەشە لە ژنانی بەشدار و بنەماڵەکانیان کرا.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی تشرینی یەکەمدا، ٣٣ ژن کوژراون و ٢٤ ژن بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. دەزانین بەشێکی زۆری مردنە گوماناوییەکان کوشتنی ژنانە و لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. دووپاتی کردەوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی پەیماننامەی ئیستەنبوڵ؛ گوتی: "ئێمەی ژن، دژی ئەم ڕژێمە فاشیستە دەسەڵاتخوازەی دەیەوێت مافە بەدەستهاتووەکانمان زەوت بکات، تێکۆشانی ئازادی و ڕێکخراومان درێژە پێ دەدەین. بەم هەست و ڕامانەوە، سڵاو لە هەمووتان دەکەم و دەڵێم درێژە بە تێکۆشان بدەن. ئێمە هەبووین، ئێمە هەین، ئێمە دەبین، ژن ژیان ئازادی".