بە دیمەن

وتەبێژی دەم پارتی: پێویستە دەستبەجێ کۆمسیۆنێکی باڵای تایبەت دابمەزرێت

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا سەبارەت بە پڕۆسەکە بۆ دامەزراندنی کۆمسیۆنێک لە پەڕلەمان، ڕێکەوتنێکی بنەڕەتی هەیە و وتی، پێویستە دەستبەجێ کۆمسیۆنێکی باڵای تایبەت دابمەزرێت.

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تایبەت بە گەشەسەندنە سیاسییەکانی ئەم دواییە، لە ناوەندی گشتی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا. ئایشەگوڵ لەسەرەتادا بڕیاری ناڕەوای دۆزی کۆبانێی هەڵسەنگاند و وتی، دەقێک کە دەکرا لە ١٥ ڕۆژدا بنووسرابایە لە ١٣ ڕۆژدا ئامادەکراوە و بەهۆیەوە مافی ئازادیی سیاسەتمەداران پێشێلکراوە. عایشەگوڵ دۆغان وتی، لە ٣٢ هەزار و ٦٣٠ لاپەڕەدا هیچ پاساوێکی یاسایی نەدۆزراوەتەوە.

ئایشەگوڵ دۆغان باسی پڕۆسەکەی کرد و وتی، پێویستە ئەو گەشەسەندنانەی کە پڕۆسەکە بەهێز دەکەن پێشبکەون. ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد، بەم هەنگاوە بچووکانە دەشێت متمانەی خەڵکیش بەهێز بکرێت.

ئایشەگوڵ دۆغان باسی لەوە کرد، ئەوان وەکو دەم پارتی بیر لەوە دەکەنەوە ئەو کۆمسیۆنەی کە لە پەرلەمان دروستدەکرێت "کۆمسیۆنێکی خاوەن پێوەری تایبەت بێت" و ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە دەبینین سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمسیۆنەکە، هەم لە پارتە سیاسییەکاندا هەم لەناو کۆمەڵگەدا ڕێکەوتنێک هەیە. ڕێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە؛ پێویستە کۆمسیۆنەکە دابمەزرێت. لەم بارەیەوە پێشنیاری ئێمە ئامادەیە و ڕۆژی دووشەممە پێشکەشی نوعمان کورتولموشی سەرۆکی پەرلەمانی دەکەین. گرنگە سەرۆکی پەڕلەمان لەگەڵ پارتەکان کۆبووەوە و گوێبیستی بۆچوونەکانیان بوو. هەروەها سەرۆککۆمار ئەردۆغانیش قسەی هەیە لەم بارەیەوە. ئەمە هەمووی نیشانەی کۆدەنگییەکە کە ناتوانین لە ئێستادا وردەکارییەکەی بڵاوبکەینەوە. چونکە کۆبوونەوەکان لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامییان هەیە.  ئێمە دەمانەوێت بەجددی لەگەڵ بابەتی کۆمسیۆنەکە مامەڵە بکەن. بۆ ئەوەی بەتەواوەتی چەک بێدەنگ بکرێت، پێویستە هەموو میکانیزمە پێویستەکان دەستبەجێ بچنە بواری جێبەجێکردنەوە."

ئایشەگوڵ دۆغان باسی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکفراکسیۆنەکان لەگەڵ یەڵماز تونجی وەزیری داد کرد و وتی: "بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش یەکێک بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە. ئەگەر لەم وڵاتەدا باسی دیموکراسی دەکرێت، نابێ زیندانیی نەخۆشی تێدابێت. ئەمە پێشێلکردنی مافی سەرەتایی مرۆڤە."