نوسەر، چاودێری سیاسی، ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ ئەحمەد میرە لە دیجیتاڵ میدیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە بە مەزنی لە مێژووی ئێمەدا دەمێننەوە و بەشێکی بنەڕەتیین لە خەباتی نیشتیمانیی گەلەکەمان.
پەیامەکەی ئەحمەد میرە بەم شێوەیە:
"ئەوان بە هەموو شێوەیەک شۆڕش و کوردبوونیان لە ناخ و یادەوەریی هەمووماندا هێشتەوە.
کاتێک خەڵکی تر خەریکی فرۆشتنی نیشتمان بوون؛ ئەوان وتیان: شۆڕشگێڕەکان کاڵا فرۆش نین، تا نیشتیمان بۆ گیرفانیان هەڕاجبکەن.ئەوان شۆڕشیان بۆ هەتاهەتایە لە بیر و یادەوەریماندا دەهێڵنەوە و ڕێگەیاننەدا کوردبوون بمرێت.
ڕەنگە زۆر گران بێت بزانین تورکیا چەندە هەنگاودەنێت بۆ ئاشتی و پرسەکەی بەلاوە گرنگە و فێڵی سیاسیی ترسناکی بەدەستەوە نییە. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، ئیتر ئەوان توانیان کوردبوون لە تورکیادا بکەنە شانازی و ماوەی نیوسەدە هەموو ڕێگایەکی ئەو سەلماندنەیان گرتەبەر و سەربەرزانە لێی دەرچوون.
پارتـی کرێـکارانی کوردستان چاوگی خەباتێکی ڕەسەنی کوردانەی مرۆڤانە بوو. بە تەواوەتی هۆکاری داڕشتنەوە و بونیادنانەوەی کەسایەتیی تاکی کورد بوو. هەر بۆیە ئەم ئەرکە بۆ هەمیشە بەردەوامدەبێت. ئەوان بە ئاسودەییەکی زۆر قووڵ و ئارامییەکی گەورەوە، ئەم پرسە ئەنجامدەدەن.
لە نەبوونەوە هاتن و بە دەستێکی پڕ و دەوڵەمەند لە ڕووی بیر و فەلسەفەی شۆڕشکردنەوە لە چەکەکانیان دووردەکەونەوە. بۆ ئەوان چەک یەکێک بوو لە میکانیزمەکانی گەیاندنی فەلسەفەی هاوبەشی نێوان گەل و مرۆڤەکان؛ دەنا ئەو بیروڕایەی لە بیر و مێژووی ئەم پارتەدا چەسپیووە، بە ئاسانی دەستلەملانێی ئاشبەتاڵ نابێت، بەڵام چونکە مێژووی ئێمە لێوانلێوە لە شکست و ڕووداوی نەخوازراو، بۆیە هەیشە لە ترسێکی قووڵدا دەژین و گومان لە هەموو پڕۆسەیەک دەکەین.
ڕووداو و پێشهاتەکان زۆرن و زۆر بە خێرایی دەگۆڕێن، هەر لەبەر ئەمەشە دەبێت بۆ هەموو ئەگەر و سینارێو سیاسییەکان خۆمان ئامادە بکەین. پارتێکی فرە ئاڕاستە و فرە هێز و بە هێز، دوای ئەو هەموو ئەزموونە، بڕواناکرێت بە ئاسانی بکەوێتە تۆڕی دەوڵەتی تورکیاوە. گومان لەوەدا نییە، پـەکـەکە زۆر باش سیاسەت و پیلان و بەرنامەی ئەردۆگان دەزانێت.
لەم ڕوانگەیەوە بۆمان دەردەکەوێت، ئەم پڕۆسەیە ناچارییە؟ یاخود بەشێکە لە ئەجێندای خۆیان و بە سەربەرزییەوە لێیدەردەچن. لە هەموو بارێکدا، ئەوان بە مەزنی لە مێژووی ئێمەدا دەمێننەوە و بەشێکی بنەڕەتین لە خەباتی نیشتیمانیی گەلەکەمان..."