ئه‌شكه‌نجه‌ی پاسه‌وانان: ٦ زیندانی هه‌وڵیاندا خۆیان بكوژن

له‌ زیندانی جۆری ئێڵی ژماره‌ ٥ی سیلیڤریه‌، له‌به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌ ٦ زیندانی هه‌وڵیاندا خۆیان بكوژن.

كۆمه‌ڵه‌ی یاسانان بۆ ئازادی (ئۆهه‌ده‌) لقی ئیسته‌نبوڵ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا باسی له‌وه‌كردووه‌، كه‌ له‌ زیندانی جۆری ئێڵ ژماره‌ی ٥ی سیلیڤریه‌ له‌به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌ ٦ زیندانی هه‌وڵیاندا خۆیان بكوژن.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "به‌پێی زانیارییه‌كان ٦ی نیسان ٦٠ پاسه‌وانی زیندان چوونه‌ قاوشی زیندانیانی دادپزیشكی، زلـله‌یان له‌ زیندانیان داوه‌، هه‌روه‌ها به‌ وتنی 'وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ ئێمه‌ له‌وێ یه‌كتر ده‌بینینه‌وه‌' هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ زیندانیان كردووه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پێكدادان روویداوه‌، زیندانیه‌كیش تووشی جه‌ڵته‌بووه‌.

'پاسه‌وانه‌كان هاتنه‌ناو قاوشكه‌وه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌ستپێكرد'

به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، دوای رۆژێك ٦٠ پاسه‌وان چوونه‌ ناو قاوشه‌كه‌ و ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "راگه‌یه‌نرا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵ بووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌كه‌ به‌ وتنی 'ده‌تانكه‌ین به‌ فلیم' هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ زیندانیان كردووه‌، پاسه‌وانه‌كان شه‌ش زیندانیان ئه‌شكه‌نجه‌ داوه‌، له‌به‌ر گوشار و توندوتیژی بۆ سه‌ر زیندانیان، زیندانیان له‌ حه‌وشه‌ هه‌وڵیانداوه‌ به‌ په‌تی پێڵاوه‌كانیان خۆیان بكوژن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پاسه‌وان كارمه‌ندانی ته‌ندروستی هه‌وڵی خۆكوشتنی زیندانیان بینیوه‌، به‌ڵام هیچیان نه‌كردووه‌، به‌ڵام هاوڕێیانی ئه‌و زیندانیانه‌ له‌ قاوشه‌كه‌ ده‌ستوه‌ردانیان كردووه‌ بۆ رێگری له‌ هه‌وڵی خۆكوشتنه‌كه‌".

ئۆهه‌ده‌ باسی له‌وه‌كردووه‌، كه‌ ٨ی نیسانیش ٦زیندانییه‌كه‌ نزیكه‌ی ٤٠ حه‌بیان خواردووه‌، به‌و جۆره‌ هه‌وڵیاداوه‌ خۆیان بكوژن و رایگه‌یاند، "یه‌كێك له‌ زیندانییه‌كان له‌ به‌شی چاودێری چڕدایه‌، ئه‌وانه‌ی تریش قه‌ده‌غه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ باره‌ی رووداوه‌كه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیان نه‌كه‌ن. دواجاریش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ته‌رمی یه‌كێك له‌و زیندانیانه‌ی خۆی كوشتووه‌ ره‌وانه‌ی ئێلیح كراوه‌ته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیه‌وه‌ پرسیارمان له‌ به‌رپرسانی زیندانه‌كه‌ كرد به‌ڵام زانیاریان نه‌دا.

له‌ زیندانی ژماره‌ ٥ی سیلیڤریه‌ هه‌م قه‌ده‌غه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ و هه‌م مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل ده‌كرێت. ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ین و به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی داد. هه‌ر بۆیه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی داد ده‌كه‌ین كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بانگه‌شه‌كان له‌ باره‌ی پێشێلكردنی مافی ژیانی زیندانیان روونكردنه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ بدات".

هـ . ب