ئێشکگری دادپەروەری: هەتا بەدیهاتنی ئازادی تێدەکۆشین

لە چالاکی ئێشکگری دادپەروەری، پەیامی "تا ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدی نەیەت، تێکۆشان بەردەوام دەبێت" دووپاتکرایەوە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد"، چالاکی ئێشکگری دادپەروەری بنەماڵەی زیندانیان لە ئامەد و وان و مێرسین و ئەزمیر و ئیستەنبوڵ و مێردین بەردەوامە.

لە چالاکییەکەی وان، سالیحە یازجی، گوتی: "با بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکەن"، پاشان خزمی زیندانی، گول ئۆزتورک داوای کرد زیندانییەکان ئازاد بکرێن و کەسانی ئاشتیخواز پشتیوانی چالاکییەکە بکەن.

یەکێکی تر لە خزمی زیندانیان، حەسەن پالا ڕایگەیاند، کەس خێر لە سیاسەتی شەڕ نابینێت پێویستە هەموو کەسێک بە ویژدان دژی گۆشەگیری بوەستێتەوە.

لە چالاکییەکەی ئامەد، خزمی زیندانی، مەریەم سۆیلو سترانێکی دەربارەی سرووشت و جوانی و وێرانکردنی گوندەکەی لە ئامەد چڕی کە لە ساڵانی نەوەدەکان دەوڵەت ئەم گوندەی سوتاندبوو.

لە ئەدەنە، لە ٣٦ هەمین ڕۆژی چالاکییەکەدا، داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیان کرا.

لە چالاکییەکەی مێرسین، دایکی زیندانی، زولەیخا کایا گوتی: "دەمانەوێت گۆشەگیری بشکێت و زیندانییەکان ئازاد ببن. با کەس نەمرێت و ئێمە ئاشتیمان دەوێت".

لە چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ ئەندامانی مەجلیسی گەنجانی دەم پارتی پشتیوانی خۆیان بۆ بنەماڵەی زیندانیان دەربڕی و تیشکیان خستەسەر تێکۆشانی گەلی کورد، گەنجان ڕایانگەیاند پێویستە دەستوبرد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت و لەپێناو ئاشتی دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە.

بنەماڵەی زیندانیان جەختیان کردەوە تا ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

چالاکییەکەی مێردین ٢ ڕۆژە بەردەوامە، یەک لە ئێشکگران، تورکان دورچ گوتی: "ئێمە لەپێناو ڕێبەرێتی لێرەین، تا رێبەرێتی لە گۆشەگیری دەرنەچێت، زیندانیان و نەتەوەی کورد ئازاد نابن، ئەمە داوای ئێمەیە. ڕێبەری ئێمە کەسێکی وەهایە کە ماوەیەکی زۆرە کەسی وەک ئەو نەهاتووە. ئەو بۆ گەلانی بندەست کاردەکات. ئاشتی و یەکسانی دەوێت. لەبەر ئەوەی کۆیلایەتی قبووڵ نەکرد خراوەتە گۆشەگیرییەوە، ئێمە دژی ئەمە و لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری تێدەکۆشین".

تورکان ڕایگەیاند، ئێمە هەبوونی گەلی کورد دەپارێزین، دژی ئەوانەی هەبوونی کورد ڕەت دەکەنەوە بەرخۆدان دەکەین. داوای ئاشتی دەکەین، داوا دەکەین وەک هەموو گەلانی تر بژین، بۆیە ئەمڕۆ لێرە بەرخۆدان دەکەین لەپێناو ئاشتی و دژی شەڕ.