ئێشکگریی دادپەروەریی بەردەوامە: عەبدوڵا ئۆجالان نوێنەری ٤٠ ملیۆن کوردە

چالاکوانانی ئێشکگریی دادپەروەری ڕایگەیاند، پێویستە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت و گوتیان: "عەبدوڵا ئۆجالان نوێنەری ٤٠ ملیۆن کوردە".

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی ڕاگیراوە و ٣٤ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە. لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" ئێشکگری دادپەروەری لە ئامەد و وان و ئەدەنە و مێرسین و ئیستنەبوڵ و بەم دواییەش لە ئەزمیر دەستی پێ کرد و هێشتا بەردەوامە.

لە چالاکییەکەی ئەزمیر، دایکی ئاشتی جەمیلە ئایدن، گوتی: "گۆشەگیری سەر ڕێبەرێتیمان سێ ساڵە بەردەوامە و ناتوانێت پارێزەر و بنەماڵەکەی ببینێت. دەمانەوێت ڕێبەرمان ئازاد ببێت، ڕێبەر ئۆجالان نوێنەری ٤٠ ملیۆن کوردە. هەر ڕۆژێک تەرم دێت. ئێمە نامانەوێت تەرمی کەس بێت. ئەوانیش بنەماڵەی هەژارن. ئەگەر کۆتایی بە شەڕ بهێنن، ڕەوشی ئابووریش باش دەبێت".

لە چالاکییەکەی وان، چەندین لایەن و کەسێتی سەردانی چالاکییەکەیان کرد، یەک لە سەردانیکەران، بیلال سۆیلو ئاماژەی بەوە کرد بۆ پشتیوانی لە ئێشکگری دادپەروەری هاتوون و بانگەوازی لە هەمووان کرد پشتگیری لە بەرخۆدانەکە بکەن.

چالاکییەکەی ئامەد ٣٢ ڕۆژە بەردەوامە، بنەماڵەی زیندانیان یەلەکی "گۆشەگیری تاوانی مرۆڤایەتییە"یان پۆشی. چەندین لایەن و ڕێکخراو و هاوڵاتی سەردانیان کرد، درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان" و "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" بەرزکرایەوە.

لە چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، سوڵتانغازی فاروق کایا ڕایگەیاند، تەنها ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات و گوتی: "ڕێبەری گەلی کورد ٢٥ ساڵە لە گۆشەگیردایە. ئەمە بۆ کوردان پرسێکی نەتەوەییە. تا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، کورد ئازاد نابن. پێویستە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان بکرێت، پرسی کورد تەنها بەم شێوەیە چارەسەر دەبێت".

لە چالاکییەکەی ئەدەنە، حاکیمە بایاڤ ڕایگەیاند، دەیانەوێت وەک کوردێک بە ئازادی بژین، ئازادانە بە زمان و چاندی خۆیانەوە بژین، دووپاتی کردەوە پێویستە لەپێناو ئاشتی وڵاتەکە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.

لە چالاکییەکەی مێرسین، هاوسەرۆکی دەم پارتی، زەینەب کاڤاک، پشتیوانی بۆ دایکانی ئاشتی دەربڕی، ڕایگەیاند، تیکۆشانی دایکان تێکۆشانی ئەوانە و پێکەوە ستەم دەشکێنن.