یوسرا ڕەجەب ئەندامی لیژەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق دەربارەی ئازادی ڕادەبڕین و ڕۆژنامەوانی بە تایبەتیش لەسەر کەیسی شێروان شێروانی و هاوڕیکانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەی کرد و وتی، گرتن و سزادانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و سزادانیان بە تۆمەتی سیخوڕی دۆخێکی مەترسیداری لە هەرێمی کوردستان دروستکردوە.
ئەو ئەندامەی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق وتیشی: "ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەی لە بادینان و هەولێر گیراون دەنگی کۆمەڵگایەکی بە زۆر کپ کراون، دەنگیان لەبەرامبەر ناحەقی هەڵبڕیوە و هەموو ئەو کارانەی کردوشیانە یاساییە و هیچ نا یاساییەکی تێدا نییە".
یوسرا رەجەب لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر گرتن و سزادانی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان لە هەولێر و بادینان و داتاشینی تۆمەت بۆیان و وتی، ئەو کارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پێچەوانەی بڕگەی ٣٦-ی دەستوری عێراقە، کە باس لە ئازادی ڕادەربڕین دەکات.
ناوبراو وتیشی، ئێمە هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی کەیسی ئەو گیراوە سیاسییانە بەشێوەیەکی بەرفراونتر دەنگیان بگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار، لە کاتی سەردانمان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی عێراق قسەمان لەسەر کەیسی ئەو گیراوە سیاسیاینە کردووە و زانیاریی تەواومان پێدوان لەسەر دۆخی ئازادیی ڕادەربرێن.
هەروەها یوسرا ڕەجەب ئەوەشی وت، من وەک ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤ ئەو کەیسەم بردووەتە لیژنەکەم، بەڵام سەرۆکی لیژنەکە ئەرشەد ساڵحییە و ئەو لیژنەیە بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی بەکار دێنێت و ئامادە نییە لەسەر ئەم کەیسە بێتە جواب.
ژ.ت