ئیرمەز: پێویستە هەمووان خاوەنداری لە پرۆسەکە بکەن

پەرلەمانتاری دەم پارتی شەرناخ زەکی ئیرمەز ڕایگەیاند، بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و دیموکراسی گرنگە، دووپاتی کردەوە دەبێت هەمووان خاوەنداری لەم پرۆسەیە بکەن.

بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ

بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ، لەڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە ڕاگەیاندرا. پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند و پشتگیری پرۆسەکەی کرد. ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەرگایەکی نوێی کردەوە. گەلی کورد لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات. گەلی کورد جەخت دەکاتەوە، دەبێت لە قبووڵکردنی داخوازییەکان دەربارەی زمانی دایک و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، تا چەسپاندنی دەستوور، هەنگاو بنرێت و هەمووان خاوەنداری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن.

دەربارەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ، پەرلەمانتاری دەم پارتی شەرناخ زەکی ئیرمەز قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

ئیرمەز ڕایگەیاند هەموو گەلانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەتوانن کاریگەرییەکانی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ببینن، دووپاتی کردەوە بۆ ئافراندنی ئاشتی و دیموکراتیکبوون دەبێت بەپێی قۆناغەکان گۆڕانکاری بکرێت.

ئیرمەز ڕایگەیاند ئەم بانگەوازە مانیفێستۆیەکە و وەک بانگەوازی سەدە پێناسەی دەکەن، گوتی: "بێگومان هیوا و خواستی گەلان بۆ ئاشتی، لە هەموو کاتێک زیندووترە. ئەم زیندووێتییە وا دەکات ئێمەش ئومێدەوراتر بین و موخاتەبەکانیش باشتر وەڵامی بانگەوازەکە بدەنەوە".

'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە جیهاندا دەنگی دایەوە'

ئیرمەز ڕایگەیاند بانگەوازە مێژووییەکە لە تەواوی جیهان دەنگی دایەوە، گوتی: "پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان و کەسانی ئازادیخواز و ئەکادیمیست و بیرمەند و ڕێکخراوەکانی جیهان، لە چوار پارچەی کوردستان و بەرپرسان و دەوڵەتان پەیامی ئەرێنیان دەربارەی پرۆسەکە هەبوو".

ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ

ئیرمەز ڕایگەیاند بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئەرێنی و تەندرووستی بچێتەپێش، دەبێت دەستبەجێ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر ببێت، گوتی: "سەرەتا دەبێت هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان بگۆڕێت. هەڵبەتە ناکرێت لە ژوورێکی ١٢ مەتریدا، دەربارەی بابەتێکی وەها گرنگ کاربکات. دەربارەی مافی هیوا، دەبێت دەستبەجێ هەمواری یاسایی بکرێت. دەبێت پەرلەمان بۆ پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەسپێشخەریی و بەرپرسیارێتی بگرێتەئەستۆ. ئەگەر بەرنامەیەک دیاری بکرێت و جددیەت و متمانە هەبێت، پێشهاتەکان بەزوویی پێشدەکەون، پرۆسەکە خۆبەخۆ نەخشەڕێگایەک درووست دەکات".