ئۆزگور ئۆزەل: پێویستە تەواوی هەموارکردنە یاساییەکان ئەنجام بدرێن
سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی کۆبووەوە. ئۆزەل پاش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند پاکێجێکی دیموکراسی ئامادە دەکەن.
سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی کۆبووەوە. ئۆزەل پاش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند پاکێجێکی دیموکراسی ئامادە دەکەن.
هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان کە لەنێو شاندی ئیمراڵییدا بوون، لە ناوەندی گشتیی جەهەپە لەگەڵ سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل و شاندی یاوەری کۆبوونەوە. پاش کۆبوونەوەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام درا.
کۆبوونەوەی باش
تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەمڕۆ کۆبوونەوەی باشیان ئەنجامداوە، کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان لە سوریا تاوتوێ کران، دەربارەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ زانیاریان بەخشیووە.
تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە، جەختی کردەوە پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لاپەڕەیەکی نوێی دیالۆگ کرایەوە، لە بانگەوازەکەدا داواکراوە پرسی کورد لە چوارچێوەی شەڕ و توندوتیژیی دەربهێنرێت و بگوازرێتەوە سەر زەمینەی یاسایی و سیاسیی و دیموکراتیک. گوتی: " بێگومان گرنگە هەندێک هەلومەرج بسازێنرێت. لەم ڕووەوە، لەگەڵ بەڕێز ئۆزەل و شاندەکەی ڕاوێژمان کرد. دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ڕۆڵی پەرلەمان چەندە گرنگە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لەم پرۆسەیەدا. بۆ پتەوکردنی بناغەی ئەم بانگەوازە زۆر گرنگە کە پڕۆسەی وەستانی شەڕ دەست پێ بکات. بەڕێز ئۆجالان داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. پەکەکە وەڵامی ئەرێنی دایەوە. بە ڕەخساندنی هەلومەرجەکان دەتوانن کۆنگرەی خۆیان ببەستن و دووپاتیان کردەوە کە لەم ڕووەوە پرۆسەیەک دەست پێ دەکەن. من دەمەوێت بە تایبەتی سەرنج بخەمە سەر پرۆسەی شەڕنەکردن. بۆ ئەوەی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە بەڕێوە بچێت، پێویستە زەمینەی ئەم گۆڕانکارییە دیموکراسییە ئامادە بکرێت".
هەروەها تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەم کۆبوونەوە هەنگاوێکە بۆ گرتنەبەری ڕێگەی پەرلەمان، لەم پرۆسەیەدا دەستپێکردنی یاسایبوون زۆر گرنگە، دەبێت زەمینەی گۆڕانی دیموکراتیک بەباشی ئامادە بکرێت، بەتایبەت ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن گرنگە، وە بەرپرسیارێتی مەزن دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات و دەوڵەت.
تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا بە ئێمە گوترا، جەهەپە بۆ چارەسەری پرسی کورد پاکێجێکی دیموکراتیکبوون ئامادە دەکات. ئەمە خەباتێکی گرنگە و بۆ ئەمەش سوپاسیان دەکەین. ئەمە سەردەمێکە، دەبێت پەرلەمان و سیاسەت و هەموو زەمینە دیموکراتیکەکان دەسپێشخەریی بکەن".
تولای حاتەم ئۆغۆللاری لەکۆتاییدا ناڕەزایەتی بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی سەر عەلەوییەکان لە سوریا دەربڕی.
ئۆزەل: نوێنەرانی گەل دەتوانن هاوکاری پرۆسەکە بکەن
ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاند ئەگەر چیتر دایکانی کورد و تورک نەگرین و ئیتر خوێن نەڕژێت و چیتر منداڵان هەتیوو نەبن، ئەو ئەرکەی گەل بە نوێنەرانی بەخشیووە دەشێت هاوکاری پێشخستنی پرۆسەکە بکات.
ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاند دەبێت نوێنەرانی گەل دژی پرۆسەکە نەوەستنەوە، جەختی کردەوە جەهەپە هەڵوێستێکی ڕوونی سەبارەت بە پرسی کورد هەیە، گوتی: "بۆ چارەسەر ئێمە هەوڵدەدەین. زەمینەکە کوێیە؟ زەمینەکە پەرلەمانە. لەم ڕووەوە، لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا، بانگەوازم لە بەڕێز نوعمان کورتمولوش کرد دەسپێشخەریی بکات. دەمەوێت ئەم بانگەوازە دووبارە بکەمەوە".
دووپاتی کردەوە، هەرکات ئەم پرسە هاتە پەرلەمان وەک جەهەپە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، گوتی: "ئامانجی ئێمە کورد و تورک و عەلەوی و سوننەیە. ئامانجی ئێمە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکە، تێیدا هەموو ناسنامە و باوەڕەکان بە یەکسانی تێیدا بژین. بۆیە دەبێت هەموو هەموارکردنە یاساییەکان ئەنجام بدرێن. وە ئەمە دوو بەشە. یەکەم، هەموارکردنەوەی ئەو یاساییانەی کەمورکورتیان تێدایە. دووەم، جێبەجێکردنی یاساکانی ئێستە بەشێوەیەکی دادپەروەر و دیموکراتیک. ئەمە بۆ سوودی تەواوی تورکیایە. ئەگەر ئەمە بۆ ئامانجی سیاسی و پارتێکی سیاسی جێبهێڵین، شکست دەهێنین".
ئۆزەل ئاماژەی بەوە کرد لە پرۆسەی ساڵانی ٢٠١٣_٢٠١٥ ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی پرۆسەکەدا بووە، هێشتاش دەسەڵات و بەتایبەت ئاکەپە خوازیارە جەهەپە لە دەرەوەی پرۆسەکە بهێڵێتەوە، ئەمە شکست دەهێنێت، گوتی: "ئەگەر پرۆسەی ساڵانی ٢٠١٣_٢٠١٥ وەک خۆی جێبەجێ بکرایە، لەوکاتەوە فرمێسکی دایکان و خوێن نەدەڕژا... بۆیە دەبێت وانە لە ڕابردوو وەربگرن. گەڕان بەدوای چارەسەر لە دەرەوەی پەرلەمان، ئەنجامی نابێت".
ئۆزەل ڕایگەیاند پاکێجێکی دیموکراتیکبوونیان ئامادەکردووە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت لە پرسی کورددا پێشکەوتنی مەزن ڕوودەدەن، وە وێنەی تورکیا لە جیهان دەگۆڕێت و ئابووری بەرەوپێش دەبات. وە ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، چارەسەر نایەتەدی.
هەروەها ڕایگەیاند ئەگەر جەهەپە لەم پرۆسەیە دووربخرێتەوە و پرۆسەکە تێکبدرێت و پرسی کورد لەم سەردەمە چارەسەر نەکرێت، ئاکەپە وەک پارتێکی بەرژەوەندیخواز ناوی دەچێتە مێژووەوە. گوتی: "دەبێت هەموومان خاوەنداری لە پرۆسەکە بکەین. بۆ ئەمەش سێ پێشنیارمان هەیە: دیموکراسی، دیموکراسی، دیموکراسی. بێجگە لەمە هیچ پێشنیارێکمان نییە".
پاشان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان درایەوە. لە وەڵامی پرسیاری "ئایا بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان قەسەدە دەگرێتەوە؟" تونجەر باقرخان گوتی: "ئێمە ناتوانین لە بارەی قەسەدەوە قسە بکەین. قەسەدە لە سوریا دامەزراوە، لەنێو هاوکێشەی سوریادایە. نزیکەی ١٢ ساڵە ئیدارەیەک دامەزراوە بە بەشداری گەل و باوەڕەکان. بۆیە دەم پارتی ناتوانێت لەبارەی چەکدانانی قەسەدە هیچ بڵێت. بانگەوازەکە دیارە ڕووی لە کێیە. بۆیە ئەم پرسیارانە گرنگن، بەڵام ئەوەی گرنگترە ئەو شتەیە بەڕێز ئۆزەلیش ئاماژەی پێدا، پێویستە مرۆڤ تیشک بخاتەسەر ئەم پرۆسەیەی کۆتایی بە مردن دەهێنێت. قەسەدە دەتوانێت لەبارەی خۆیەوە بڕیار بدات، کە خۆی وەک لایەنێکی سیاسی سەربەخۆ دادەنێت. بۆیە ناتوانین هەڵسەنگاندنێکی ڕاست لەبارەیانەوە بکەین".