ژنان دەستپێشخەریەکان بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان راگەیاند

کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەستپێشخەرییەکیان بەناوی “نون” بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، دەستەیەکی ژنانی چالاکوان، سیاسەتمەدار و کەسایەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەستپێشخەرییەکیان بەناوی “نون” بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد پێکهێنا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا سەباح شەیب، ئەندامی دەستپێشخەرییەکە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتووە: شۆڕشی ئێمە شۆڕشی ژنانە، جوانترین ژن ئەو ژنەیە کە ئازادانەتر دەژی، من نابمە هاوڵاتی وڵاتێک کە ژن تێیدا دەکوژرێت”.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: وەک ژنانی چالاکوان بۆ داکۆکیکردن لە ڕیبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کە بە قەڵەم و هزری داکۆکی لە ژنان دەکات و ماوەی ٢٣ ساڵە بە هەڕەمەکییانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکراوە و بە ناهەق گۆشەگیری تووندی لەسەر بەڕێودەبرێت، بە دەستی ژنانی لوبنانی، فەلەستینی، عێراقی، سوری، لیبیایی، یەمەنی، میسری و سودانی، یەکەم هێڵی دەستپێشخەرییەکەمان کێشا کە ئەمڕۆ لە پای ڕووناکی هەموو هەوڵەکان خۆی ڕادەگەیەنێت، دەستپێشخەریی نون بۆ ئازادیی ئۆجالان، دەستپێشخەرییەکی فێمینیستییە کە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە پێکهاتووە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا، دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ئۆجالان، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئامانجیان ناساندن و بڵاوکردنەوەی زیاتری هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و خستەڕووی خەباتی بێوچانی ئەو ڕێبەرەیە لەپێناو ئازادیی گەلانی چەوساوە، “دەمانەوێت لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکەوە تیشک بخەینەسەر ئەو هزرە مرۆڤایەتییەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە زەوتکراوە، بەڵام هزری ڕێبەر ئۆجالان بووە پردی ڕووناکی و گەشتە هەموو ئەو کەسانەی باوەڕییان بە مرۆڤایەتی هەیە، هەروەها دەستپێشخەرییەکە دەبێتە تۆوێک و لە هەناوی ئەمڕۆدا نێژرابێت، بۆ بەدەستهێنانی هەموو ماف و داوا یاسایی، سیاسی و میدیاییەکان و شکاندنی کۆتەکانی دەستبەسەرکردن و ڕەتکردنەوەی کاری نامرۆڤانە و نایاساییەکانی ڕژێمی تورکیا و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان”.

لە کۆتاییدا دەستپێشخەریی نون بۆ ئازادیی ئۆجالان لە سۆنگەی باوەڕییان بەوەی کە ماف دەسەندرێت و نادرێت، لەسەر بنەمای شۆڕشی ژن لە لوبنانەوە ڕایانگەیاند، “سڵاو لە هەموو گەلە یاخی و چەوساوەکان، لەو گەلانەی لەپێناو سەلماندنی هەبوونی خۆیان تێدەکۆشن، لێرەوە دەستمان بۆ هەموو ڕێکخراو و کۆمەڵەی ژنان و کەسایەتییەکان درێژ دەکەین تا پێکەوە قەڵغانێک پێکبهێنین دژی هەموو نادادپەروەرییەک و دەستگیرکردنی بیرمەندی نەتەوەیی عەبدوڵا ئۆجالان”.

ف.ق