مانگرتنی نۆرەیی کە بە ئامانجی ئازادی جەستەیی و هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن زیندانیانی سیاسییەوە دەستیپێکرد، لە ١٦ـەمین ڕۆژدا بەردەوامە. زیندانیانی زیندانی ئاسایشی باڵای کرکلاری ئیزمیر ژمارە یەک تیپی ف، سەبارەت بە چالاکییەکانیان نامەیەکیان بڵاوکردەوە. لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بۆ چەسپاندنی ئاشتی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.
لە نامەی زیندانیەکاندا سەرنج بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ڕاکێشراە و هێرشەکانیان شەرمەزار کردووە و ڕایانگەیاندووە:"بەهۆی ئەو پێشهاتانەوە نیگەران و دڵتەنگین، ئەمڕۆ ڕاستییەکان زۆر ڕوونە دۆخی غەززە پێویستی بە هاوکاری مرۆڤایەتیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی حکومەت و زۆرێک لە ناوەندەکان ناڕەزایی و گلەیی بە درۆ بۆ ڕەوشی غەززە دەردەبڕن، تەنها یەکجار کوردستان نابینن، ئەوانەی قڕکردنی کورد بە ڕەوا دەزانن، لە فەلەستین فرمێسکی درۆ دەڕێژن. "
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کورد بە زمانی خۆی ناتوانێ بخوێنێ، ناتوانێت لە دادگاکاندا بە زمانی زگماکی لە خۆی بەرگریی لە خۆی بکات، لەبەر ئەوەی دەستبەرداری کولتوور و زمانەکەی نابێت، لەناوچوون و وێرانکاری پێ ڕەوادەبینن، ڕۆژانە بۆمبی کیمیایی بەسەر چیاکانی کوردستان دەبارێنن، شارەکان زیاتر لە خەڵکی مەدەنی پڕ دەکەن لە سەرباز و پۆلیس. بەردەوام قەدەغەی هاتووچۆ ڕادەگەیەنن. هەرجارە هەزاران کورد دەستگیر دەکەن و دەخرێنە زیندانەکانەوە. ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ ڕژێمێک کە لە جیهاندا شێوەی نییە، لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕاگیراوە. ناتوانێت لە سەرەتاییترین مافەکانی سوودمەند بێت. سەدان زیندانی نەخۆشی کورد هەن و ئازاد ناکرێن. زیندانیانی کورد بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لە ژوورەوە دەهێڵرێنەوە، تەنانەت دوای تەواوکردنی سزاکانیان ئازاد ناکرێن.
زیندانیان لە نامەکەیاندا بیریان هێنایەوە کە سەرەڕای ئەو هەموو گوشارەکان، گەلی کورد خۆی نەداوە بەدەستەوە و بەم شێوەیە رایانگەیاندووە:"بەتایبەت ٥٠ ساڵی ڕابردوو و بە گشتی کاتێک لەمێژوودا ٢٠٠ ساڵ بە شەڕ تێپەڕیوە، بە باشی دەردەکەوێت کە کورد چۆکی دانەداوە، هەر بۆیە پێویستە دەستبەرداری ئەو سیاسەتە ستەمکارانە بن. پێویستە باش بزانرێت کە ئەم عەقڵییەتە بەردەوام دەبێتە هۆی قەیران و ئاڵۆزییەکان لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێتە هۆکاری بەدی نەهاتنی دیموکراسی و قەیرانە ئابوورییەکان.
لە درێژیی نامەکەدا ئاماژە بە چارەسەری قەیرانە ئابووری، سیاسی و دیموکراتیکەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراوە کە دەکرێت بە ڕێگەی دادپەروەری و دیموکراسیەتەوە کێشەی کورد چارەسەر بکرێت. جگە لەوە ئاماژە بە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکە بە مەرجی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کراوە کە گەلی کورد وەک سەرۆکی دانوستانکار پێناسەی کردووە، دەکرێت.
لەکۆتایی نامەکەیاندا زیندانیان داوایان لە گەلی کوردستان و تورکیا کردووە بەشداری هەڵمەتەکە بکەن و ڕاگەیاندووە:"وەک زیندانیانی سیاسی لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەستمان بە مانگرتنێکی بەردەوام کردووە، ئەگەر ئەم داواکارییە ڕەوایانەی ئێمە جێبەجێ نەکرێن، ئێمە بە شێوەیەکی دژوارتر درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین داوا لە هەموو کەسە خاوەن کەرامەتەکان دەکەین پشتگیری ئەم تێکۆشانە شکۆمەندانەیە بکەن."
هەروەها ئەو ژنانەی لە زیندانی ژنانی قەیسەرێ زیندانین، لە ڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە پەیامێکیان سەبارەت بە چالاکییەکانیان ناردووە. ژنان ڕایانگەیاند، چالاکییەکەیان هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و لە پەیامەکەیاندا ڕایانگەیاند:"ئێمە پێنج هاوڕێمان بەشداری چالاکیی مانگرتنی نەوبەتمان کردووە. بەڕێز ئۆجالان بۆ گەل پێویستییەکی گرنگە. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە ئەمە دۆخێک نییە کە دەبێت چاوەڕێی بکەین. پێویستە گەلی کورد خاوەنداری لەم هەڵمەتە بکات و تێکۆشانی بەرزتر بکاتەوە. ئامانجی زیندانیان و داواکاریان ئازادی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالانە. کەواتە چی دەکەوێتە سەر شانمان دەیکەین، بۆیە دەمانەوێت گەلەکەمان و دۆستانمان بەشداری ئەم هەڵمەتە بن. هەرچی دەچێت هیوا و ئامانجمان بەرزتر دەبێتەوە، چی دەبێت با ببێ بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. سەرکەوتن بۆ ئێمەیە."