زیندانیانی پەکەکە و پاژک: پاش هەڵبژاردن بەرخۆدانمان دەگەیەنینە قۆناغێکی نوێ

زیندانیانی پەکەکە و پاژک ڕایانگەیاند تا پاش هەڵبژاردنەکان مانگرتن لە خواردنیان درێژکردۆتەوە و گوتیان: "ڕۆژ، ڕۆژی گردبوونەوەیە لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ. لەسەر بناغەی ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی، ڕۆژی بەدەستهێنانی ئازادی گەلە".

لەسەر ناوی زیندانیانی پەکەکە و پاژک دەنیز کایا ڕاگەیاندراوەکەی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوی زیندانیان بەم جۆرەیە:

"دژی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بۆ تەواوکردنی قڕکردنی کورد، هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لە سەرانسەری جیهان دەستی پێ کرد. وەک گەل و تەڤگەر بڕیاری بەشدار بوون لەو هەڵمەتە درا و ئەم ڕەوشە بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندرا. ئێمە وەک زیندانیانی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکان، لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، لە ڕۆژی دامەزارندنی پارتەکەمان لە ٢٧ ی تشرینی دووەم بە چالاکی مانگرتن لە خواردن بەشداری ئەم پرۆسەیەمان کرد. بەو مۆراڵ و هێزەی لە بەرخۆدانی ڕێبەرێتی و ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییە سەرکەوتووەکانی گەریلا قارەمانەکان و چالاکییەکانی "ئێشکگری دادپەروەری" بنەماڵەکانمان و بەرخۆدانی گەلەکەمان لە گۆڕەپانە جیاوازەکان وەری دەگرین، بە پێداگرییەوە درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین.

ئێمە ئەم قۆناغەی ئێستەمان سەرەڕای مەترسییەکان، هەڵگری دەرفەتی باشە بۆ سەرکەوتن. شەڕی جیهانیی یەکەم لەسەر بناغەی قڕکردنی کوردان، بووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتی تورک. دیسانەوە شەڕی جیهانی دووهەم لەسەر بناغەی قڕکردنی کورد، دەوڵەتی نەتەوەیی ئێرانی بەدی هێنا و دەخوازرێت شەڕی جیهانی سێیەمیش لەسەر بناغەی قڕکردنی کورد کۆتایی پێبێت. ئێمە بە ئاسانی دەتوانین ئەمە لە ڕووداوەکانەوە ببینین. بەڵام ئەمجارە ڕاستییەکی گەل هەیە کە لەدەوری پارادایمی "دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژن"ـی ڕێبەری ئاپۆ خۆی ڕێکخستووە. ئەزموونێکی ٥٠ ساڵە هەیە کە لەلایەن بەرخۆدانی ڕێبەرێتی و شەهیدان و پەکەکەوە ئافرێنراوە. لە ئاستی نێونەتەوەیی فیکری ڕێبەر ئاپۆ بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، خاوەندارێتی لێ دەکرێت و ڕێبەر ئاپۆ بۆتە ڕێبەرێکی گەردوونی. ڕاستی گەریلا و گەل هەیە کە لەدەوری هێزی ئایدۆلۆژی لەسەر هێڵی فیدایی دەڕوات. ئەمانە هەمووی سەرچاوەی هێزی سەرەکی ئێمەن کە گەمەی فاشیزمی دەوڵەتی تورک و هێزە هەژموونگەران پووچەڵ دەکاتەوە و ئێمە ئازاد دەکات.

"پێداگریمان لە جاران زیاترە"

وەک زیاتر لە ١٠ هەزار زیندانی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک، دووبارە ڕایدەگەیەنین، تا مردن دڵسۆزی بەهاکانی رێبەرێتی و شەهیدان و گەل و تێکۆشانەکەمانین. لە پرۆسەیەکی وەها مێژووییدا، لە زیندانیشدا ئەرک و بەرپرسیارێتیمان بۆ سەرخستنی تێکۆشان لە ئاستی هەرە بەرزدایە. هێڵی فیداکاریی گەریلا، هێڵی بەرخۆدانی ئێمەشە. ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی وەک ئافرێنەری هەموو مادی و مەعنەوییەکانمان، بۆ ئێمە ڕاستی هەبوون و پێشخستنی هێڵی فیداکارییە. بۆیە لەپێناو هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و پێکهێنانی ئازادی جەستەیی وی بۆ هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتیەک ئامادەین، با هەمووان بزانن، ئێمە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانمان جێبەجێ دەکەین.

"پاش هەڵبژاردن دەچینە قۆناغێکێ نوێ"

دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین، ئێمە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەستمان بە مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە کرد و بۆ ڕای گشتیمان ڕاگەیاند لە ١٥ ی شوبات چالاکییەکەمان دەگەیەنینە قۆناغێکی نوێ، بۆ ئەوەی کاریگەری لە هەڵمەتەکەی دەرەوە نەکات و نەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم خەباتی هەڵبژاردن، تا پاش هەڵبژاردنەکان چالاکییەکەمان درێژ کردەوە. پڕۆسەی چالاکی بەرفراوان کە گەلەکەمان پەیوەست بە هەڵمەتی دەرەوەی وڵاتەوە لە ١٥ ی شوباتەوە تا ٤ ی نیسان بەڕێوەی دەبات و دیسانەوە گرێرداوی ئەمەیە و لە هەڵبژاردنەکاندا هەڵوێستی گەلەکەمان دژی سیاسەتەکانی قڕکردن و سیاسەتی قەیومە فاشیستەکانی ئاکەپە و مەهەپە بە گرنگ دەبینین و لە باوەڕین کە گەلەکەمان لە دژی ئەمانە، وەڵامی گونجاو دەداتەوە. تاوەکو کاریگەری لەم پرۆسانە نەکات، بڕیارماندا چالاکی مانگرتن لە خواردنی بەنۆرەمان تا پاش هەڵبژاردن درێژ بکەینەوە. بۆ ڕای گشتی دووپاتی دەکەینەوە، ئەگەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ تا پاش هەڵبژاردن بەردەوام بێت، چالاکییەکەمان دەگەیەنینە قۆناغێکی تر و تا نەگەینە ئەنجامێک، درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین. لەم پڕۆسەیەدا و لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان و دامەزراوە و بازنە دیموکراتیکەکان و دۆستەکانمان دەکەین کە بەرخۆدان فراوانتر بکەن، بە چالاکی فراوان و جەماوەری بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ سەفەربەربن و لەم قۆناغە چارەنوسسازەدا و ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانیان بەجێبهێنن و پرۆسەکە بگەیەننە سەرکەوتن. دیسانەوە بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان و دۆستەکانمان دەکەین بە هەموو هێزیانەوە بەشداری خەباتی هەڵبژاردن بکەن بۆ ڕێگرتن لە قەوارەی فاشیستی و بێکاریگەرکردنی سیاسەتی قڕکردنی کوردان.

ئێمە دەڵێین، ڕۆژی گردبوونەوەیە لەدەوری رێبەر ئاپۆ. ڕۆژی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و بەدەستهێنانی ئازادی گەلەکەمانە. ڕۆژی شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵیە. ڕۆژی لەناوبردنی سیاسەتی قڕکردنی کوردانە. ڕۆژی پێکهێنانی بەهاری ئازادی گەلانە. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین لەسەر ئەم بناغەیە بەرخۆدان دەکەن".